کشتوکاڵی گەرمیان بۆ جووتیاران: سەرمایەکی تووند بەڕێوەیە و ئاگاداری سەوزەکانتان بن

18-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان رایگەیاند، 20ی ئەم مانگە شەپۆلێکی "تووندی سەرما" سنوورەکە دەگرێتەوە، بۆ پاراستنی بەرهەمی سەوزە جووتیاران دەبێت چەند رێنوێنییەک پەیڕەو بکەن.
 
ستار عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەپۆلی سەرما مەترسیی زیاتری بۆ بەرهەمی سەوزەی ژێر پلاستیک هەیە، کە لە ناوچەکەمان زیاتر لە 300 خانووی پلاستیکی هەن."
 
گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان لەبارەی رێکارەکانی پاراستنی بەرهەمی جووتیاران گوتی، "دوو رێکار هەن؛ یەکەمیان جووتیاران دەبێت لە دەوروبەری کێڵگەکانیان بە درێژایی شەو داری وشک بسووتێنن و ئاگر بکەنەوە، رێکارەکەی دیکەش ئاودانە بە ئاوی بیر، چونکە پلەی گەرمای ئاوی بیر بەرزە."
 
کشتوکاڵی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "پلەی گەرمای نزم  پرۆسەی گرنگ لە رووەکەکەدا کەمدەکاتەوە، وەک؛ هەناسەدان، ئەمەش کاریگەری لەسەر گەشەکردن دەبێت. بۆیە زۆربەی رووەکەکان لە پلەی نزمدا گەشەکردنیان رادەگرن. کاتێک ئاوی ناو رووەکەکە دەیبەستێت و  دواتر کە پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە، گەڵاکانی رووەکەکە کاڵ دەبن و دەبنە هۆی مردنی رووەکەکە."
 
سەوزەی کەلار و دەوروبەری لە هەرێمی کوردستان بەنێوبانگە. جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستیی قەزاکە، رۆژانە سەتان تۆنی لێ دەنێردرێتە عەلوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە