رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رایگەیاند، فڕۆکە و درۆن لە بەنداوی تشرین ژمارەیەک خۆپێشاندەریان بە ئامانج گرتووە و چوار کەس کوژراون.
رۆژی شەممە 18-1-2025، هەسەدە رایگەیاند، "بۆ سێیەمین رۆژی لە سەریەک، فڕۆکە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەردەوامن لە بەئامانجکردنی خۆپێشاندەرانی مەدەنی لە بەنداوی تشرین، لە باشووری رۆژهەڵاتی منبج."
لە راگەیێندراوەکەی هەسەدە دا هاتووە، "ئەمڕۆ هێرشەکان بەنداوەکەیان کردە ئامانج، کە بووە هۆی شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی مەدەنی و برینداربوونی 15 کەسی دیکە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لەکاتێکدا ئەمبیوڵانسەکان خەریکی گواستنەوەی بریندارەکان بوون، یەکێک لە ئەمبیوڵانسەکانی مانگی سووری کوردی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا کرایە ئامانج، کە بووە هۆی تێکشکانی ئەمبیوڵانسەکە و شەهیدبوونی ئەوانەی لەنێویدا بوون."
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا بە چڕی و لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە، چەندین ناوچە لە گوندەکانی باشووری کۆبانێ بۆردوومان دەکات. چەند هێرشێکیشی کردە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین.
هەسەدە هەروەها دەڵێت "تورکیا هێرشیکردە سەر گوندی جەعدە لە باشووری کۆبانێ کە نزیکە لە پردی قەرەقۆزاخ. لەو هێرشانە قوتابخانەی گوندێک کرایە ئامانج و بەتەواوی وێران کرا."
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، چەند هێرشێک کراوەتە سەر گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی سڕڕین، لەوانە گوندی تینە. لە هێرشێکی دیکەدا شوێنێکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی لە شارۆچکەی سڕڕین کرایە ئامانج کە کارگەیەکی مەدەنییە.
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و 80 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورە.
بەنداوەکە بە ناوچەیەکی ستراتیژی دادەندرێت و لە ساڵی 1999ـوە کارەبای ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دابین دەکات، بەتایبەت سنوورەکانی شاری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەریان.
16-1-2025، هەسەدە رایگەیاند، بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک، فڕۆکەی شەڕکەر و بێفڕۆکەوانی تورکیا ئەو خۆپێشاندەرانە دەکەنە ئامانج کە لە بەنداوی تشرین لە باشووری منبج گردبوونەتەوە و داوای راگرتنی هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە دەکەن بۆ سەر بەنداوەکە.
لە راگەیێندراوەکەی رۆژی 16ـی ئەم مانگەدا هاتبوو، "تاوەکو ئێستا شەش هاووڵاتیی گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون لە تاوانێکی نێودەوڵەتیی ئاشکرادا کە دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا ئەنجامی دەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ