لیژنەی موەلیدەکانی هەولێر بۆ هاونیشتمانییان: هەر موەلیدەیەک دووکەڵ و ژاوەژاوی کرد ئاگادارمان بکەنەوە

18-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەنگاوەکان بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر دوای کۆبوونەوەیەکی سەرۆکوەزیران بەردەوامن. ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکان دەڵێت، لە یەک هەفتەدا لێپێچینەوەیان لە خاوەنی 13 موەلیدە کردووە و هێڵی گەرمیشیان کارا کردووە و لە رێگەیەوە هەر هاونیشتمانییەک سکاڵای دژی موەلیدەکان هەبێت، راستەخۆ بەدواداچوون دەکەن.
 
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوای ىڕیارەکەی سەرکوەزیرانەوە بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر، سەردانەکانمان زیادیکردووە و بەهۆی سەرپێچییەوە لێپێچینەوە لە خاوەنی 13 موەلیدە کراوە."
 
12ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ژینگەی هەولێر و دهۆک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە و رایسپاردن بۆ جێبەجێکردنی چوار بڕیار. سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێت: "لە هەر شەش شارەوانییەکەی هەولێر ژمارەی مۆبایلمان کارا کردووە و داواکارین هەر هاونیشتمانییەک موەلیدەی بینی دووکەڵ دەکات یان ژاوەژاوی دروستکردووە پەیوەندیمان پێوەبکات."
 
بە گوتەی خۆرانی، هەرکەسێک لیژنەکانیان لە دووکەڵی موەلیدەکان ئاگادار بکاتەوە ئەوان راستەخۆ بەدواداچوون دەکەن و لێپێچینەوە لە خاوەن موەلیدەکان دەکەن و جگە لە پێ بژاردن ناچاریان دەکەن پابەندی رێنوێنییەکان بن.
 
ئەو ژمارەی مۆبایلانەی لیژنەی موەلیدەکان بۆ هەولێری دیاری کردوون ئەمانەن: شارەوانی یەک: 07504871466 – شارەوانی دوو: 07504301131 – شارەوانی سێ: 07514708380 – شارەوانی چوار: 07514948460 یان 07507520380 – شارەوانی پێنج 07504906131 – شارەوانی شەش 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر گوتیشی: "لە یەک ساڵی رابردوودا بەهۆی پیسکردنی ژینگەی هەولێرەوە 65 خاوەن موەلیدە سزا دراون".
 
"پاڵاوگەکان فیلتەر دادەنێن"
 
پاڵاوگە نایاساییەکان بە هۆکارێکی سەرەکی پیسکردنی ژینگەی هەولێر دادەنرێن و دوای بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێکارەکان چڕ کراونەتەوە.
 
 دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای بڕیارەکان، پاڵاوگە و کارگەکان زیاتر پابەندی رێنوێنییە ژینگەییەکان دەبن و لەو چوارچێوەیەدا بۆ کەمکردنەوەی دووکەڵ فلتەریان داناوە".
 
ژینگەی هەولێریش وەک هێڵی گەرم سێ ژمارە مۆبایلیان کارا کردووە و لەو رێگەیەوە هاونیشتمانیان سکاڵاکانیان گەیاندووە و ئەوانیش لیژنەکانی بەدواداچوونیان زیاتر کردوون.
 
دڵشاد هیرانی ئاماژەی بەوەکرد: "ڤیدیۆی نزیکەی 16 ئۆتۆمبێلمان بۆ هاتووە کە ژینگە پیس دەکەن. ئێمەش بە فەرمی رادەستی هاتووچۆیان دەکەین بۆ لێپێچینەوە".
 
هێڵە گەرمەکانی ژینگەی هەولێر بۆ پەیوەندیکردن یان ناردنی ڤیدیۆی سەرپێچی ئەمانەن: 07501859805 – 07501859808 - 07831239606
 
رۆژی 12ی کانوونی دووەمی 2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوار بڕیار بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دەرکرد کە بریتین لە:
 
یەکەم: هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کاربکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
 
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 لۆگۆی دەزگەی ئاسایشی هەرێم.

دەزگای ئاسایشی هەرێم: ئەم ساڵ 388 بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون

گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) دەڵێت، ئەم ساڵ 388 بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەست بەسەر نزیکەی 350 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە.