رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 120 رۆژە مامۆستایان ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیان بایکۆت کردووە، پەروەردەی پارێزگای سلێمانی رایدەگەینێت، لەکۆی هەزار و 408 خوێندنگە و قوتابخانە، تەنیا 507 قوتابخانە و خوێندنگە دەستیان بە دەوام کردووەتەوە.
نەژاد عەبدوڵڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی کە هەفتانە ئاسۆ سەراوی پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، زیاتر لە 120 رۆژە مامۆستایان ناوەندەکانی خوێندن لە سنوورەکەدا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە، خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین، رۆژی 9-1-2024یان دیاریکرد بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خویندن، بەڵام بەشێکی زۆری مامۆستایان رەتیانکردەوە کە دەست بە دەوام بکەنەوە.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەو ناوەندانەی خوێندن کە ئێستا دەوامیان دەستیپێکردووەتەوە کەمە و لە ئاستی خواستی ئەوان نییە، لەکۆی یەک هەزار و 408 قوتابخانە و خوێندنگە. تائێستا 507 قوتابخانە و خوێندنگە دەستیان بە دەوام کردووە. بەگوتەی نەژاد عەبدوڵڵا، پێشتر کۆی 219 ئامادەیی، لە 167 ئامادەیی خوێندن بۆ خوێندکارانی پۆلی 12 دەستی پێکردبوو.
لەماوەی رابردوودا بەشێکی زۆری خاوەن فرۆشگای قوتابخانەکان گردبوونەوە و رایانگەیاند، بەهۆی دەستپێنەکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان، ئەوان زیانێکی زۆریان کردووە و فرۆشگاکانیان بە کرێگرتووە، بەڵام دەوام نەکراوەتەوە.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی، "لەسنووری پارێزگای سلێمانی، نزیکەی چوار ملیار دینارمان گەڕاندەوە بۆ خاوەنی فرۆشگەی قوتابخانەکان [حانووتەکان]".
لەبارەی تاقیکردنەوەکانی وەزاری بۆ پۆلی 12، نەژاد عەبدوڵڵا گوتی، پرۆگرامی پۆلی 12 کەم ناکرێتەوە، بەڵام کاتی تاقیکردنەوەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، خولی یەکەمی تاقیکردنەوەی سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین لەگەڵ خولی دووەمی پارێزگای هەولێر و دهۆک دەبێت.
لەبارەی ژمارەی قوتابخانە ناحکومییەکان لەسنووری پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بەوەکرد، لە سنووری سلێمانی، 101 قوتابخانە و خوێندنگەی ناحکومی هەن، کە تێیدا 29 هەزار 555 خوێندکار دەخوێنن، هیچ گرفتێکیان نییە دەوام و تاقیکردنەوەیان ئاساییە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار خوێندکار هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار خوێندکار کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی خوێندکاران، دەوامیان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ