یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو: لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین

18-01-2023
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەر چوار حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین."

هەریەکە لە یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو لە بارەگای دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە و ئامادەییان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نیشاندا.

ئەبوبەکر حوسێن، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی کەسی یەکەمی هەر چوار پارتەکە بووە و تاوتوێی دۆخی کوردستان پەیوەست بە هەڵبژاردن کراوە، بە کۆی دەنگ ئامادەییمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نیشانداوە، بەڵام بە دوو مەرج."

لەبارەی ئەو دوو مەرجەوە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو و گوتی، "دەبێت پێشوەختە یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و کۆمیسیۆنیش کارا بکرێتەوە، مەرجی دووەمیش رەخساندنی کەشی سیاسیی لەبارە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەشداریکردنی خەڵک."

رۆژی سێشەممە 17ی كانوونی دووەمی 2023 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی باڵای ئەمریكا بە سەرۆکایەتیی برێت مەکگۆرک، رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا کرد و رایگەیاند، "پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت و هیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت."

رۆژی دووشەممە 16-01-2023 فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانەوە ئاماژەی بەوە کرد، "ئەرکی یاسایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنە، دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، لە دوو مانگی داهاتوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو رۆژە دیاری دەکات. بەڵام ئەرکی پەرلەمانە کۆببێتەوە و کێشەکانی وەکو یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن چارەسەر بکات."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی 15-01-2023 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە گوتی، "لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم، پێویستە هەرچی زووترە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی خۆی ساز بکات بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تاوەکو بە کردەوە هەنگاو بۆ سازدانی هەڵبژاردن بنرێت و پێویستە ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین هەموو پێداویستیيەکانی هەڵبژاردن لە زووترین کاتدا دابین بکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە