لە تۆپزاوا سوپای عێراق هێرش دەکاتە سەر جووتیارانی کورد؛ 'گوتیان ئەمانە کوردن لێیانبدەن'

17-12-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
ساتی "پەلاماردانی" جووتیارانی کورد لە تۆپزاوا لەلایەن سوپای عێراقەوە.
ساتی "پەلاماردانی" جووتیارانی کورد لە تۆپزاوا لەلایەن سوپای عێراقەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای عێراق دەیەوێت لە نێو زەوییەکی تاپۆی کورد لە تۆپزاوای کەرکووک، رێگایەکی نوێ دروستبکات و خاوەنی زەوییەکانیش رێگرییان لێدەکەن و گرژیی دەکەوێتە نێوانیان. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ساتی هێرشی سەربازانی فیرقەی یازدەی سوپای عێراقە، بۆ سەر چەند ماڵێکی کوردی گوندی تۆپزاوا لە کەرکووک. نزیکەی 100 سەرباز بە دار و قۆناخە تفەنگ لە گەورە و بچووکی ئەو چەند ماڵە دەدەن. 
 
بەرزان نازم دانیشتووی گوندی تۆپزاوایە و دەڵێت، "شووراکەیان کردەوە و گوتیان ئۆتۆمبێلەکانتان لادەن چونکە شۆڤڵ هات و دەبێت رێگاکە بکەیەنەوە، زیاتر لە 100 سەرباز دەبوون و ئەفسەرەکەیان پێیگوتن ئەمانە کوردن و لێیان بدەن، هەموو سەربازەکان هێرشیانکردە سەرمان و بەچەک و دار لێیانداین، ئەوان  چەکداربوون و ئێمەش لە نێو حەوشەی ماڵ خۆمان بووین و هیچمان پێنەکرا." 
 
ئەو زەوییەی سوپا دەیەوێت رێگای لەسەر دروستبکات، تاپۆیە و بەناوی کوردێکەوەیە، چەند رۆژێک لەمەوپێش دەستبەسەکرا و دواتر بەکەفالەت ئازاد کرا، ئەو دەڵێت، هەموو ئامانجی سوپا دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیانە.
 
نازم مەحمود، خاوەن زەوییەکەیە و دەڵێت، "کاتێک لەگەڵ منداڵەکانم هاتینە ئێرە ئەوان لێرە بوون، قسەمان دەکرد ئاگریان دەکردەوە، لەناکاو 100 سەربازیان هاتن و پاڵیان بە شووراکەوەنا و هێرشیانکردە سەرمان و لێیانداین، من هەموو ئەمانەم بە فەرماندەی فیرقەی یازدە گوت، ئەویش دەڵێت بەبێ ئاگاداریی من بووە." 
 
خاوەن زەوییەکان و نوێنەری خەڵکەکە، چوونەی بارەگای فیرقەی یازدە و بەشێوەیەکی کاتی دروستکردنی رێگاکەیان راگرت و  لەوێ سوپا پێی گوتوون دەبێ لە چەند رۆژێکدا رێگایەکیان لەوێ بۆ بکەنەوە.
 
ساتح ناسح، نوێنەرێ گوندی تۆپزاوا دەڵێت، "رێگایەکی شوێنگرەوەی دیکەیان دەوێت، ئێمە پێمان گوتن ئێوە سێ رێگاتان هەیە و پێویستتان بە رێگای دیکە نییە، بەشێوەیەکی کاتی رێکارەکەیان راگرت، بەڵام بابەتەکە کۆتایی نەهاتووە و لە ماوەیەکی کەمدا جارێکی دیکە دەچینەوە لایان." 
 
بەپێی ئەو ماستەرپلانەی سوپای عێراق لەسەر زەوییەکانی کورد دایناون، دەبێت لە سێ ساڵدا سێ سەربازگە و 380 یەکەی نیشتەجێبوون لە سنوورەکانی تۆپزاوا، یایچی و تەرکەلان دروستبکرێن کە زەوییەکان لەنێو دۆسیەی کێشە لەسەرەکانن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە