لە پارێزگای هەولێر دەست بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەکرێت

17-10-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە هەولێر دەستپێدەکات و پێنج هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.
 
رۆژی پێنجشەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2024، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێنج هەزار فەرمانبەر بەپێی مەرجەکان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە کاژێر 10:00 بەیانییەوە پڕۆسەکە دەستیپێکردووە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەران دابەشدەکرێن دەکەونە نزیک گوندی ئاشوکان لە باکووری هەولێر. سەرچاوەکە دەڵێ: "شوێنێکی زۆر گونجاوە و خزمەتگوزاری ئاوی زۆر باشە."
 
دوێنێ چوارشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2024، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستیپێکرد، نزیکەی 3000 فەرمانبەر لە کۆی 4747 فەرمانبەر لێی سوودمەند بوون و تائێستا پڕۆسەکە بەردەوامە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 27-03-2024 بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
 
بڕیاری دابەشکردنەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە