رووداو دیجیتاڵ
ئۆتۆمبێلێک لە گوندی کانی کەند لە سنووری کۆیە لە بۆردوومانێکدا کرایە ئامانج، لە رووداوەکەدا شۆفێرەکە گیانی لەدەستدا.
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی دلۆڤان سەلامە، تەمەنی 27 ساڵە و کوردە، لە رێگەی رانیە بۆ کۆیە ئۆتۆمبێلەکەیان کراوەتە ئامانج.
رووداوەکە نزیک کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 17-10-2023 بووە. شوێنی رووداوەکە لە سنووری قەزای کۆیەیە کە رێگەیەکی سەرەکییە، لەوێوە سەر دەکەوێت بۆ لۆفەکانی هەیبەت سوڵتان و دواتر دەگەیتە کۆیە.
ئەرسەلان موراد، شایەتحاڵێکە و دەڵێت: هەر ئەوەندەم بینی یەکێک کەوتە سەر زەوی منیش رامکرد هەڵمگرتەوە و رامانکێشا، چونکە کەوتە سەر جادەکە، دوو یان سێ ئافرەتی لەگەڵدا بوون، لەگەڵ ئافرەتەکان رامانکشا و ئەو گیانی لەدەستدا.
بەگوتەی شایەتحاڵەکان، پیاوێک و سێ ژن لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون. تەندروستیی کۆیە دەڵێت، یەکێکیان دایکی قوربانییەکەیە و ئەوانی دیکە سەلامەتن.
لەشکر قەرەنی، شایەتحاڵێکی دیکەیە و دەڵێت: گەنجێک شەهید بوو و سێ ئافرەتیشی تێدا بوو، دایکی برینداربوو لەوکاتەی دەرمان هێنان و بەرەو شاری کۆیەمان بەڕێکردن.
رووداو زانیویەتی ئەو کەسانەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون خەڵکی باکووری کوردستانن و دانیشتووی کەمپی مەخموورن.
بەگوێرەی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 17ی ئەم مانگە، 10 هاونیشتمانی بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسیش برینداربوون کە شەشیان دانیشتووی کەمپی مەخموور و ئەوانی دیکە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ