کۆدی دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ "لە هیچ پارێزگایەکی عێراق کارا نەکراوە"

17-09-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، تائێستا کۆدی دامەزراندنی دەرچووانی یەکەمی زانکۆکان لە هیچ پارێزگایەکی عێراق کارا نەکراوە. دەشڵێت، بەشێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانیان پێدا نەنراوە، ئەوەش گرفت بۆ دەرچووانی ئەو زانکۆیانە دروست دەکات.
 
بەشێک لە خوێندکارە یەکەمەکانی سنووری ناوچەکانی مادەی 140، کە یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بوون، بڕیارە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە دابمەزرێن، پەیوەندییان بە بەرنامەی 'مژار'ی رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن، "تائێستا کۆدەکانمان چالاک نەکراوە، بەڵام لە شوێنەکانی دیکە چالاککراوە، دەترسین مافی دامەزراندنمان بفەوتێت."
 
بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە رادیۆی رووداوی گوت: "هەر خوێندکارێک لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆدی بۆ چووبێت، مافی دامەزارندنی پارێزراو دەبێت."
 
بەڵام رەتیکردەوە، کۆدی دامەزراندن لە هیچ پارێزگایەکی عێراق چالاک کرابێت و گوتی: "دوایین زانیاری ئەوەیە، شاندێکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رێکدەکەون لەسەر میکانیزم و رێکارێک بۆ چالاککردنی کۆدەکان."
 
ئەو بەرپرسەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاماژەی بەوەشدا لەدوای رێککەوتنی ئەنجوومەنی راژە و وەزارەتی خوێندنی باڵا، وادەیەکیش دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی ئەگەر هەر دەرچوویەکی زانکۆ کەموکورتی لە بەڵگەنامەکانیدا هەبێت بۆ ئەوەی راستی بکاتەوە."
 
هاوکات، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئەو دەرچووانە زیاتر لە دوو هەزار کەس دەبن، کە دەرچووە یەکەمەکان و دەرچووانی بەشە تەندروستییەکانیشیان لەگەڵدایە."
 
بەگوتەی د. توانا نەجەف، ئەوان وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵا، داوایان لە زانکۆکان کردووە ئەو خوێندکارانەی كێشەیان لە بەڵگەنامەکانیاندا هەبووە، بۆیان رەوانە بکەن بۆ ئەوەی مامەڵەکانیان رایی بکرێن و ئەوان چاوەڕوانی هاتنی شاندێکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراقن بۆ ئەوەی سەردانی هەولێر بکەن.
 
بەشێک لەو خوێندکارانە دەڵێن، هۆکاری ئەوەی مامەڵەکانیان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە ئەوەیە، چەند زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان هێشتا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانیان پێدا نەنراوە.
 
بەختیار حاجی حەمەد دەڵێت، ئەوان وەکو نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستێکی ئەو زانکۆیانەی تائێستا دانیان پێدا نەنراوە داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو زانکۆیانە نەهاتوون بەدەم ئەو وادەیەوە کە حکومەتی عێراقی دیاریکردبوو بۆ تۆمارکردن و تەواوکردنی رێکارەکانیان.
 
بەختیار حاجی گوتی ، چەند زانکۆیەک لە هەرێمی کوردستان خۆیان لەگەڵ مەرجەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵی نەگونجاندووە و دانپێدانراونین، ئەو زانکۆیەی دانی پێدانەنرابێت، دەرچووەکانی دانامەزرێن، بۆیە دەبێت بەزوویی خۆیان تۆمار بکەن و خۆیان لەگەڵ مەرجەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بگونجێنن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.