گالەری

 
دووەم رۆژی پێشانگەی خانووبەرە و بیناسازی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت. ئەمساڵ بەراورد لەگەڵ دوو خولی پێشوو، رێژەی نوێنەری کۆمپانیا بیانییەکان لە پێشانگەکەدا نزیکەی 30٪ زیادی کردووە. 
 
جیاوازیی پێشانگەی ئەمساڵ لەگەڵ پێشووتر ئەوەیە، جگە لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی خانووبەرە و نووسینگەکانی فرۆشتنی خانوو زەوی، چەندین کۆمپانیای دیکە بەشدارییان لە پێشانگەکەدا کردووە. وەکو، کۆمپانیای فرۆشتنی ئامێرە کارەباییەکان، بەرزکەرەوە و کەرەستەی بیناسازی.
 
سەید محەممەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی رەف و کەلوپەلی دیکۆر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشانگەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و وەک کۆمپانیایەکی ناوخۆیی کوردستان بەشداریمان کردووە. بەشی زۆری کەرەستەی خاو لە لای خۆمان بەرهەم دەهێندرێت. بوونی ئێمە لەم پێشانگەیەی دەمانەوێ لە پڕۆژە نیشتەجێیەکان بەشدار بین."
 
دوێنی سێیەم پێشانگەی خانووبەرە و بیناسازی لە هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کرایەوە.
 
لە هەرێمی کوردستان قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون زیاتر لە 17 ملیار دۆلارە، لە کۆی زیاتر لە هەزار پڕۆژەی وەبەرهێنان کە لە ساڵی 2006ـەوە جێبەجێ کراون، نزیکەی 32٪ـی پڕۆژەکان تایبەتن بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون.