حکومەتی عێراق بە مەرج مووچەى هێزە ئەمنییەکانى ناردووە

17-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى بڕیارى ناردنى مووچەى دوو مانگى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان، هەر تێبینییەک لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە لەسەر لیستەکە هەبێت، دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەرى بکات. پەرلەمانتارێکى عێراق دەڵێت، "ئەگەر ئەو تێبینییانە چارەسەر نەکرێن، بۆ مانگى داهاتوو کێشە دروست دەبێتەوە."
 
نووسراوە "نهێنییەکەى" ئیحسان عەوادى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ناردنى مووچەى دوو مانگى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان ئاماژەیەکى مەرجدارى تێدایە، کە تایبەتە بە وردبینیى ئەو لیستە لەلایەن دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، مووچەى مانگەکانى ئایار و حوزەیران خەرج دەکرێت، تاوەکو حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەرى هەر تێبینییەک بکات، کە دەکرێت لەلایەن دیوانى چاودێریى داراییەوە لە داهاتوودا بدۆزرێتەوە.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى، پیشەسازی و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، بەشى دووەمى نووسراوەکەى سەرۆکوەزیرانی عێراق مەرجە بۆ ناردنى ئەو پارەیە، کە وردبینیکردنە.
 
لیژنەکەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لە هەرێمى کوردستان بوو بۆ وردبینیکردن لە لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان و ئەو لیستانەى دیکە کە تێبینیی لەسەر هەیە.
 
سۆران عومەر گوتى، "ئەگەر ئەو تێبینییانەى لەلایەن لیژنەکەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراقەوە لەسەر لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان هەیە، چارەسەر نەکرێن؛ بۆ مانگى داهاتوو کێشە بۆ ئەو مووچەیە دروست دەبێتەوە."
 
بەهۆى ئەو تێبینییانەى لەسەر لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان هەبوو، مووچەى هەردوو مانگى ئایار و حوزەیرانى ئەو هێزانە دواکەوت.
 
16ى تەممووز بەغدا 676 ملیار دینارى مووچەى ئەو دوو مانگەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستانى نارد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە