گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی 300 کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دوای 36 ساڵ گەڕانەوە قەڵای نوگرە سەلمان و بیابانی سەماوە بۆئەوەی داوا بکەن سۆراغێکی کەسوکاریان بکرێت، لەگەڵ گەیشتنیان بە قەڵاکە، جارێکی دیکە برینیان کولایەوە و دەستیان بە گریان و لاواندنەوە کرد، کەسێک بۆ براکەی، یەکێکی دیکە بۆ هاوژینەکەی و زۆرینەیشیان بۆ دایک و باوکیان دەگریان.
 
لە نوگرە سەلمان 36 چرا بۆ یادی 36 ساڵەی ئەنفال داگیرسێندران و چەند شانۆییەک لەنێو قەڵای نوگرە سەلمان نمایش کران.
 
حەسەن عەلی، تاقانەی ئەنفالە و دەڵێت، "دێینە سەر گڵکۆی شەهیدەکانمان و کونجی زیندانەکانیان، ئەمە نوێکردنەوەی پەیمانە و قەت لە یادیان ناکەین."
 
کاروان حەمەسەعید، رزگاربووی ئەنفالە، تەمەنی سێ ساڵان بووە کە لەگەڵ خێزانەکەی براونەتە قەڵاکە، دەڵێت، "خۆشی و یاریی منداڵیمان ئەوە بوو لەسەر ئەم پەنجەرانەوە سەیری دەرەوەمان دەکرد."
 
سەردانی کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ نوگرە سەلمان، بەبۆنەی رۆژی گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە بوو لە عێراق. ئەوانەی سەردانی قەڵاکەیان کرد، ژمارەیان نزیکەی 300 کەس بوو.