رووداو دیجیتاڵ
لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، دەنگدان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری دواخرا. سەرۆکی فراکسیۆنەکەش دەڵێت "رژدین لەسەر بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەمان".
رۆژی 08-05-2023 لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی گشتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە هەر سێ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی دامەزرێنەران و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و رێکخستن لەخۆدەگرێت، حەوت پەرلەمانتاری ئەو حیزبە وەکو پابەندبوونێک بە بڕیارەکانی سەرکردایەتیی حیزبەکەیان، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکێشکی د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 17-05-2023) زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لەبەرئەو ئاشتەواییە نیشتمانییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا لەئارادایە، پێشنیازمانکرد دەنگدان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی کۆمەڵی دادگەری دوابخرێت و دەرفەتێکیان پێبدرێت بۆ ئەوەی بە بڕیارەکەیاندا بچنەوە.
زیاد جەبار گوتی "ئەو پێشنیازەی ئێمە، لەلایەن فراکسیۆنەکانی دیکەشەوە پێشوازیی لێکرا و رەنگە بڕیارەکەی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە دانیشتنی داهاتوودا بخرێتە دەنگدانەوە".
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لەمبارەیەوە بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە رژدین لەسەر بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەمان و پەشیمان نابینەوە، هیوادارین لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا بڕیارەکە پەسند بکرێت".
حەوت پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی دادگەری، بە حەوت نووسراوی جیا کە رێکەوتی 08-05-2023ـی بەسەرەوەیە، بە یەک سەردێڕ و ناوەڕۆک و بە واژۆی خۆیانەوە حەوت نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێکشی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی کۆمەڵ پێکدێن لە: عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆن؛ هەورامان حەمەشەریف رەشید، رووپاک ئەحمەد رەحمان، عوسمان عەلی، بەدرییە ئیسماعیل مەحموود، عومەر عەبدوڵڵا فەتاح و موسلیم عەبدوڵڵا رەسووڵ.
پەرلەمانتارەکان لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیاندا نووسیویانە، "پاڵپشت بە بڕگەی دووەم لە مادەی 25 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، داواکارم لە بەڕێزتان دەستلەکارکێشانەوەم وەکو ئەندام لە دامەزراوەی پەرلەمانی کوردستان وەربگرن و بیخەنە بەرنامەی کار بۆ پەسندکردنی بەپێی رێکاری پەیڕەوی تایبەت بە قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ