مستەفا هیجری: هەڵبژاردن لە ئێران هیچی بۆ کورد تێدا نییە

17-05-2017
دەرباز ساڵح
مستەفا هیجری، سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)
مستەفا هیجری، سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)
نیشانەکردن مستەفا هیجری
A+ A-

رووداو - هەولێر

سکرتێری حدکا رایدەگەیێنێت، حیزبەکانی رۆژهەڵات لەسەر بایکۆت و بەشدارینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا هاودەنگن و، دەرکەوتووە ئەو هەڵبژاردنانە هیچییان بۆ کورد تێدا نییە. 

رۆژی چوارشەممە 17-5-2017، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە شاری هەولێر، بە بەشداری سەرۆک حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پانێڵێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئێران سازکرد. 

مستەفا هیجری، سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە پانێڵەکەدا لەبارەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا رایگەیاند: "خەڵکی کورد گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی بەڵێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێگەی باوەڕنین و، دەرکەوتووە هەڵبژاردن هیچی بۆ کورد تێدا نییە".

هیجری بەئاماژەدان بەوەی "رژێمی ئێران باوەڕی بە دەنگی خەڵک و بە فرەگەلی نییە، بەڵام شانۆیەک پێشکەشدەکات بۆئەوەی بە دونیا بڵێ رژێمێکی دیموکراسییە".

لەبارەی بەڵێنەکانی حکومەت سکرتێری حدکا گوتی: "بەو ئەنجامە گەیشتووین کە پەیمانەکانی رژێم هیچیان بۆ ئەوە ناشێن گوێیان لێ بگرین، ئەو پەیمانانەی رژێم لەبارەی ئازادی دەیدان، رۆژ دوای رۆژ روویان لە کەمی کرد و نەهاتنە دی".

لەبارەی بەربژێرەکانیش گوتی، بەربژێرەکانی ئەو خولەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رۆڵی سەرەکیان هەبووە لە هەموو ئەو نەهامەتییانەی لە چوار دەیەی رابردوودا بەسەر کورد هاتوون.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو کاندیدانەی ئێستا دیاریکراون دەبێ خەڵک دەنگیان پێبدات، نوێنەری خەڵک نین، بەڵکو ئێران خەڵکانێک بەناوی نوێنەر دیاریدەکات و دەڵێ دەنگ بە یەکێکیان بدەن.

هەروەها گوتیشی "کاندیدانی سەرۆکایەتیی ئێران ناتوانن قسە لەسەر هەموو بابەتێک بکەن، تەنانەت لە ئێران سەرۆککۆماریش هیچ دەسەڵاتێکی نییە و ورد و درشتی دەسەڵاتەکان بەدەست رێبەری ئێرانەن".

رۆژی هەینیی17-5-2017، دەنگدەرانی ئێران روو لە بنكەكانی دەنگدان دەكەن بۆ هەڵبژاردنی دوازدەهەمین سەرۆكی وڵاتەكەیان (دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979) و، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش داوا لە خەڵک دەکەن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بایکۆت بکەن، بەڵام بەشداری هەڵبژاردنی شار و گوندەکان بکەن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە