نوری عوسمان: هەڵمەتی رزگاركردنی ئێزدییەكانی بندەستی داعش مەحاڵە

17-05-2015
یودیت نیورینگ
نیشانەکردن ئێزدی داعش
A+ A-

رووداو- هەولێر

سەرەتای هەفتەی رابردوو ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە كە نزیكەی 600 هاووڵاتی دیكەی ئێزدی لەلایەن  رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق ناسراو بە (داعش) دەستگیركراون و كۆمەڵكوژ كراون لە گوندەكەیان لە نزیك شاری مووسڵ.

تەنانەت كەناڵی BBC كە وا ناسراوە سەرچاوەیەك لێی دڵنیا نەبێت بڵاوی ناكاتەوە و بەدواداچوونی ورد بۆ سەرچاوەكانی هەواڵ دەكات، ئەم هەواڵەی بڵاوكردەوە. ئەوەش دووبارە مەینەتیی ئێزیدیەكانی خستەوە بەرباسی میدیاكانی جیهان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ‌هێشتا زیاتر لە 3500 ئێزدی لەژێر دەستی ئەو گرووپەدان. بەڵام، هەر زوو دەركەوت كە هەواڵی ئەو كۆمەڵكوژییە راست نییە.

هەواڵەكە یەكەمجار لە لاپەڕەی فەیسبووكی ئەسیل نوجێفی پارێزگاری مووسڵەوە بڵاوكرابووەوە كە رایگەیاندبوو چەند سەت ئێزدییەك كۆمەڵكوژ كراون. هەواڵەكە ئاماژەی نەكردبوو بەوەی لە كوێ و چۆن ئەو كەسانە كوژراون، بەڵام هەر بەزوویی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەواڵەكە بڵاوبووەوە.

بەڵام سەرچاوە متمانەپێكراوەكانی كوردستان و ئەنجوومەنی باڵای ئاینی ئێزدی نەیانتوانی ئەو هەواڵە پشتڕاست بكەنەوە.

نوری عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ كاروباری ئاوارەكان، لەسەرەتاوە نەیتوانی هیچ كەسێك بدۆزێتەوە كە ئەو هەواڵە پشتڕاست بكاتەوە. پاش سێ رۆژ  لەڕێگەی سەرچاوەی ناوخۆیی متمانەپێكراو زانی كە هیچ كۆمەڵكوژییەكی لەو جۆرە رووینەداوە. 

سەرەتای ئەم مانگە 5 تاوەكو 6 ئێزدی كە بەشێك بوون لە گرووپێكی 20 كەسی لە پۆلیس و ئەندامی دەستگیركراوی سوپای عێراق، كوژرابوون.

ئەمەش بەپێی بڕیارێكی دادگای شەرعیی داعش بووە. وەك عادەتێك هەموو رۆژێكی هەینی دەبێت كەسێك لەسێدارە بدرێت بەئامانجی بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لەناو خەڵكەكەدا.

ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری عێراق كە ئێزدییە و ئازاری خەڵكەكەی بە سەرتاسەری جیهان ئاشنا كردووە، دڵگران بوو لە بڵاوكردنەوەی هەواڵێكی لەوجۆرە.

رۆژی دووشەممەی رابردوو لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، دەخیل رایگەیاند كە جێی داخە چەند سیاسییەكی پارێزگای مووسڵ بە مەبەست و بەبێ مەبەست دڵەڕاوكێیان خستووەتە نێو خەڵكی ئێزدی بەبڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاریی ناڕاست.

ڤیان گوتیشی لەكاتێكدا داعش خراپترین تاوان و كۆمەڵكوژی لەدژی هاووڵاتیانی عێراقی بە هەموو نەتەوەیەكەوە ئەنجامداوە ''بڵاوكردنەوەی بانگەشەیەكی لەو جۆرە بەبێ سەرچاوەی متمانەپێكراو جێگەی قبوڵ نییە".

ئەمانە چەند راستییەكی زانراون: داعش هەزاران ئێزدی لە نزیك گوندەكانی تەلعەفەر زیندانی كردووە، پاش ئەوەی ئەو گوندانە لەلایەن شیعەكانەوە لە مانگی حوزەیران و تەمووزی رابردوو چۆڵكران. گوندەكان دیواری تەلبەندیان بەدەوردا كراوەو كراون بە كامپی زیندانی كە خزمەتگوزاریی سەرەتایی زۆر كەمیان بۆ دابینكراوە وەك ئاو كارەبا و خۆراك. 

داعش ئەم كامپانە بەكاردێنێ بۆ زیندانیكردنی خێزانە ئێزدییەكان. بەمدواییە زیاتر لە 260 ئێزدی نەخۆش و بەساڵاچوو لەم كامپانە ئازادكران، دەیان كەس لەوانەی كە توانیویانە لەو كامپانە هەڵبێن بۆ ناوچە ئارامەكانی هەرێمی كوردستان، باسیان لە سەختی بارودۆخیان كردووە.

هەفتەی رابردوو، چالاكڤانانی ئێزدی لە عێراق رایانگەیاند كە داعش سەدان پیاوی ئێزدی دەستگیركراوی لە ژن و كچەكان جیاكردووەتەوە و رەنگە مەبەستیان لە كوشتنیان بێت. میرزا دنیایی سەركردەیەكی باڵای ئێزدی و راوێژكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە رۆژی شەشی نیسانی رابردوو بە رۆژنامەی ئێزدی پرێسی گوت نزیكەی 500 گەنجی ئێزدی سەرووی تەمەن 14 ساڵ لە خێزانەكانیان جیاكراونەتەوە.

رەنگە بۆ ئەوەبێت كە داعش پێویستی بە چەكدار هەیە، چونكە زۆر لە چەكدارەكانی لە بەرەكانی سووریا و عێراق لەدەستداوە.

داعش ئەو ئێزدیانە ناكوژێت كە بوونەتە موسڵمان. ئەوەی تاوەكو ئێستا زانراوە هەموو ئێزدییە دەستگیركراوەكان بەزۆر كراون بە موسڵمان. بەپێی یاساكانی داعش، گرووپەكە ناتوانێ ئەم موسڵمانانە بكوژێت، رەنگە لەبەرئەوە بێت كە دوو گرووپی لە بەساڵاچوو و نەخۆشەكان ئازادكردووە، چونكە بوونەتە ئەرك لەسەر شانی چەكدارانی داعش. 

ئاشكرا نییە ئاخۆ هیچ پەیوەندییەك هەیە لە نێوان راپۆرتە پشتڕاست نەكراوەكان و بانگەوازە بەپەلەكانی كۆمەڵگەی ئێزدیی كوردستان بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتێك لەپێناوی ئازادكردنی ئێزدییەكانی نزیك تەلعەفەر و ناوچەكانی دیكە.

بە گوتەی نووری عوسمان، كورد بەدەم ئەو بانگەوازەوە نەچووە، چونكە هەڵمەتێكی لەو جۆرە مەحاڵە، چونكە ژمارەیەكی زۆر خەڵك پێویستیان بە هەڵكێشان دەبێت لەڕێگەی هەلیكۆپتەر. ئۆپەراسیۆنێكی لەوجۆرە پێویستی بە ژمارەیەكی زۆر هەلیكۆپتەر دەبێت.

ئەم راپۆرتانە جارێكی دیكە ئازاری ئێزدییەكانی خستەوە بیری میدیاكان و فشار خستنە سەر حكومەتی هەرێم و جیهان تا لە كۆتاییدا كارێك بكەن بۆ رزگاركردنیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە