یەکێتیی زانایان: بۆ هاوسەرگیری دەکرێت زیو لە جیاتی زێڕ بکرێتە مارەیی

17-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستدایە. گوتەبێژی یەکێتیی زانایان داوا دەکات، بۆ کارئاسانیی هاوسەرگیری لەم دۆخەدا، لە جیاتی زێڕ کەرەستەیەکی دیکە بکرێتە مارەیی.

لە هەرێمی کوردستان بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری، لای زۆرینەی هاونیشتمانیان زێڕ دەکرێتە مارەیی. ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتووەتە 700 هەزار دینار، ئەوەش بە هۆکاری کەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیریی دادەنرێت.
 
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێغەمبەری خودا (د.خ) دەڵێت؛ بە بەهادارترین پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەو هاوسەرگیرییەیە مارەییەکەی کەم بێت".
 
شێرکاوەیی گوتی: "لە عورفی کۆمەڵگە زێڕ کراوەتە مەرج بۆ مارەیی، دەنا لە ئایینی ئیسلامدا نە بۆ مارەبڕینی حازری و نە بۆ قەرز نە زێڕ و نە هیچ شتێکی دیکە نەکراوەتە مەرج، بە واتەیەکی دیکە لە ئیسلامدا هیچ شتێک بۆ مارەیی دیاری نەکراوە".
 
بەگوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان کە 18ـی ئاداری ئەم ساڵ بڵاوکراوەتەوە، پار 51 هەزار و 18 مارەبڕین لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، زۆرترینی لە پارێزگای سلێمانی بووە، کە 18 هەزار و 522 مارەبڕینە؛ دواتر لە هەولێر 17 هەزار و 591 مارەبڕین، لە دهۆک 12 هەزار و 199 مارەبڕین و لە گەرمیانیش 2706 مارەبڕین تۆمار کراون.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، لە هەولێر پار بەراورد بە پێرار 48 مارەبڕین زیادی کردووە؛ هەروەها لە سلێمانی بەراورد بە هەمان کات 1905 مارەبڕین کەمی کردووە؛ لە دهۆک 300 مارەبڕین کەمی کردووە و لە گەرمیانیش 88 مارەبڕین زیادی کردووە.
 
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان گوتی: "بۆ زیاتربوونی پرۆسەی هاوسەرگیری و هاوکاریکردنی گەنجان، ئاساییە لە جیاتی زێڕ، قورئانێک، یان بڕێک پارە، یان زیو، یان هەر شتێکی گونجاو بێت بکرێتە مارەیی".
 
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە شەریعەتی ئیسلام بە واجبی داناوە مارەیی بۆ ژن دیاری بكرێت لە كاتی گرێبەستی هاوسەرگیریدا، بەڵام رێژەكەی دیاری نەكردووە و هێشتوویەتییەوە بۆ رۆژگار و بارودۆخەكان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گڵۆپێکی کارەبایی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پرۆژەی رووناکی: نالەباریی کەشوهەوا کێشەی تەکنیکی بۆ کارەبای نیشتمانی دروستکردووە

پرۆژەی رووناکی رایدەگەیێنێت، بەهۆی نالەباریی کەش و هەوا، تۆڕی کارەبای نیشتمانی تووشی کێشەی تەکنیکی هاتووە کە بووەتە هۆکاری پچڕانی کارەبا لە بەشێک لە گەڕەکەکان.