رووداو دیجیتاڵ
حاجى موراد سمو، یەکەم کوردى ئێزدى بوو کە لە 14ـى نیسانى 2025 خانووەکەى لەسەر تاپۆ کرا، لە نێو ئەو خانووانەى کە لە حەفتاکانى سەدەى رابردووەوە لە ناحیەکانى دەوروبەرى شنگال دروستکراون و بەناوى خاوەنەکانیان نەکراوە.
ئەو خانووە لە سنوورى ناحیەى قەحتانیە قەزاى شنگالە، هەریەک لە ناحیەکانى قەیرەوان و شیمال لەو قەزایە، خانووەکانیان هەمان کێشەیان هەیە.
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە رووداوى گوت: "ئەو خانووانە لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس وەکو کۆمەڵگەی زۆرەملێ دروست کرابوون، دەسەڵاتى پێشووى عێراق ئامادە نەبوو لەسەرخاوەکانیانی تاپۆ بکات."
تاپۆکردنى ئەو خانووانە بە گوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق بووە. بەشێکی زۆری ئەو خانووانە لە ساڵی 1975 دروستکراون.
رەنا حەسەن قاسم، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیى شنگال بە رووداوى گوت: "سەرجەم ئەو خانووانەى مامەڵیان هەیە بۆ ئەوەى تاپۆ بکرێن 14 هەزار خانوون، وەک کاروانى یەکەم مامەڵەى 1193 خانوو لە تۆمارى خانووبەرەیە و قۆناخى دواتریش چوار هەزار مامەڵەیە".
بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ بەناوکردنى ئەو خانووانەى ئێزدییەکان لە 12ى کانوونى یەکەمى 2022 دەرکرا، بەڵام بەهۆى رێکارێکى تۆمارى خانووبەرە جێبەجێنەکرابوو.
یاریدەدەرى سەرۆکى شارەوانیى شنگال گوتى: "پێشتر تۆمارى خانووبەرە داواى کردبوو پێبژاردنى خانووەکە بدرێت وەک خانووى زێدەڕۆ بۆ تاپۆکردنى، تاوەکو لە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە بە فەرمى پێیان رادەگەیێنرێت و پارەکەیان بۆ دەگەڕێننەوە، بەڵام خاوەنى خانووەکان ئەو بڕە پارەیەیان نەبوو، ئێستا تەنیا 25 هەزار دینارى رەسمى تاپۆ دەدەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ