کچێکی کورد 50 رۆژە لە کەنەدا بێسەروشوێنە

17-02-2025
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کچێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، نزیکەی 50 رۆژە لە کەنەدا بێسەروشوێن بووە. خاڵێکی کچەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "هیچ زانیارییەکی دروست لەبارەی چارەنووسییەوە نییە، جگە لە دۆزینەوەی مۆبایلەکەی لە کەنار رووبارێک."

شیلان پەروێز شابازیان، کچێکی خەڵکی قوروەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە شاری ویندزەری کەنەدا نیشتەجێیە. نزیکەی 50 رۆژە بێسەروشوێن بووە. مۆبایلەکەی لە کەنار رووبارێک دۆزراوەتەوە و پۆلیس ناڵێ کوژراوە.
 
دیاکۆ عەلی تەنایی، خاڵی شیلانە. لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "هەواڵی جۆراجۆر لەسەر چارەنووسی شیلان بڵاودەکرێتەوە، بەڵام راست نین، چونکە پۆلیسی کەنەدا ناڵێ کوژراوە و زانیاریی لەبارەوە دەستنەکەوتووە."
 
بە گوتەی دیاکۆ تەنایی، مۆبایلێکی شیلان لە کەنار رووبارێک لەلایەن کەسێکەوە دۆزراوەتەوە و دراوەتە پۆلیس: "رووبارەکە بەستوویەتی و گەڕان بەنێویدا ئەستەمە."
 
بە گوتەی خاڵەکەی شیلان، ماڵباتەکەی گومانیان لە کەس نییە و سکاڵایان تۆمار نەکردووە.
 
شیلان شابازیان، تەمەنی 26 ساڵە، دایکی خەڵکی مەریوانە و باوکی خەڵکی قروەیە، لە شاری ویندزەری کەنەدا لە لە ئارایشتگە کاری کردووە.
رەنج پشدەری، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ و رۆژنامەڤان بە رووداوی گوت: بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئەو کەوتووە، شیلان کوژراوە. بەڵام ماڵباتەکەی ئەوە رەتدەکەنەوە.
 
شیلان بازرگانی ئەڵماس بووە؟
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە شیلان لەگەڵ چەند کەسێک بازرگانیی ئەڵماسیان کردووە. بەڵام دیاکۆ عەلی تەنایی ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێ:" توانای دارایی شیلان هەرگیز ئەوەندە باش نەبووە بتوانێ ئەو کارە بکات."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە