قایمقامی کۆیە: 15 پرۆژەمان گرفتی نەختینەیان بۆ دروست بووە

17-02-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای کۆیە رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی پارەوە 15 پرۆژەی خزمەتگوزاری و رێگەوبان لە سنوورەکەیان وەستاون، دەشڵێت، لەکۆی 27 گەڕەکی قەزاکە 13یان بێ تاپۆ و زێدەڕۆن.
 
تارق حەیدەری، قایمقامی کۆیە، کە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە رۆژانە پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند: "شەقامی دووسایدی فیدراڵی، کە چەند ساڵێک بوو راگیرابوو، بەناچاری داوامان لە ئیدارەی گشتیی یەکیتی کرد قەرزێک بداتە کۆمپانیای جێبەجێکار، بەڵام بەهۆی هەندێک گرفت لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پڕۆژەکە وەستاوە، کۆمپانیاکەش خراوەتە لیستی رەشەوە."
 
قایمقامی کۆیە باسی لە پرۆژە وەستاوەکان کرد و گوتی: "نزیکەی 15 پرۆژەمان وەستاون، بۆ تەواوکردنیان پێویستمان بە نزیکەی 20 ملیار دینارە." گوتیشی: "پرۆژەمان هەیە تێچووەکەی زیاتر لە حەوت ملیار دینارە، بەڵام کۆمپانیا دەڵێت، تاوەکو پارەکە وەرنەگرم دەستبەکار نابم، چونکە دەتوانم ملیارێک دینار خەرج بکەم و دواتر دەوەستم، ئەوەش کیشەمان بۆ دروست دەکات، ئەگەر بە نیوەچڵی بمینێتەوە، چونکە گەرەنتی نییە پارە هەبێت."
 
پرۆژەی رێگەی میدسەیت بۆ سماقوڵی کە درێژییەکەی 10 کیلۆمەترە و تێچووی پرۆژەکە چوار ملیار دینارە، تاوەکو ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی نەکراوە، تارق حەیدەری دەڵێت: "بەهۆی نەبوونی سولفەی بەردەوام کۆمپانیاکا کاری تێدا ناکات."
 
رێگەی دووسایدی هەولێر-کۆیە یەکێکە لەو پرۆژە ستراتیژیانەی لە کۆتایی ساڵی رابردوو بەردی بناخەی دانرا و وەگەڕخرایەوە، گوژمەی پرۆژەکە 560 ملیار دینارە و هاتووچۆی خەڵک لەنێوان هەولێر و کۆیە نزیكەی 25 خولەک كورت دەكاتەوە.
 
تارق حەیدەری دەڵێت: "پرۆژەی دووسایدی هەولێر-کۆیە، پێنج قۆناخە، ئێستا قۆناخی یەک و دوو دەستی پێکردووە و ئێمە داوامان کردووە هەر ئەو کۆمپانیایەی قۆناخی یەک و دوو دەکات قۆناخی سێش بکات بۆ ئەوەی کارەکان خێرا بڕۆن."
 
پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2019 یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەكان کە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە، پەسند کردووە، 2021 بۆ ماوەی سێ ساڵ یاساکەی هەموار کردووە.
 
قایمقامی کۆیە لەبارەی تاپۆکردنی گەڕەکە زێدەڕۆکان گوتی: "ئێمە هەموو داواکارییەکانمان وەرگرتووە و رەوانەی شارەوانی کراوە، چونکە لەکۆی 27 گەڕەک 13یان زێدەڕۆن و پێویستی بە کاری زۆرە بۆ دانانی نەخشەکەی تاوەکو نەخشە تەواو نەبێت تاپۆ ناکرێن، چونکە دەبێت لەرووی یاسایی و نەخشەسازییەوە هەموو قۆناخەکان تەواو بکرێن."
 
بڕیارە شارێکی پیشەسازی لەسەر رووبەری هەزار و 300 دۆنم لە سنووری کۆیە دروست بکرێت، قایمقامی شارەکە دەڵێت: "ئەو شارە پیشەسازییە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکان و رووبەڕەکەی 1300 دۆنمە و دیزاینی بۆ کراوە و هەندێک تێبینی هەبوون لەسەر دیزاینەکە دوای تەواوبوونی دەست بە دروستکردنی دەکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە