چیرۆکی گەنجێکی راپەڕین کە بە خەونی گەیشتن بە بەریتانیا لە نۆکەندی ئینگلیز خنکا

16-12-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
راوێژ، ئەو گەنجەی لە نۆکەندی ئینگلیز گیانی لەدەستدا.
راوێژ، ئەو گەنجەی لە نۆکەندی ئینگلیز گیانی لەدەستدا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، کۆتا پەیوەندیی دەنگیی نێوان راوێژ و باوکیەتی، ئەو گەنجە تەمەن 22 ساڵەی رۆژی هەینی، 15ـی کانوونی یەکەم بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیانەوە، لە نۆکەندی ئینگلیز لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا گیانی لەدەستدا. 

خەبات شێخ مەحموود، ئامۆزای قوربانییەکەیە، چیرۆکی خنکانی راوێژی بۆ رووداو گێڕایەوە و گوتی: "کاکە راوێژ لە لۆکەیشنی سناپەکەی لەناو ئاوەکەدا بوو، دوو ئامۆزاکانی ترم لە دەرەوەی ئاوەکەدا بوون. دواجار ئامۆزاکەی ترم تەلەفۆنی کرد گوتی کاکە راوێژ گیانی لەدەستداوە و بەڕێیانکردووە بۆ نەخۆشخانە." 
 
کەسوکاری ‌راوێژ دوای دڵنیابوونەوە لە گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان، پێش هێنانەوەی تەرمەکەی بۆ کوردستان لەقەزای حاجیاوا پرسەیان داناوە و داوا دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکارییان بۆ بکات بۆ هێنانەوەی تەرمی رۆلەکەیان و بەخاکسپاردنی لە زێدی خۆیان.
 
حەسەن عومەر، کەسوکاری راوێژە و دەڵێت، "پێویستمان بە هاوکاریی حکومەتە بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی کاکە راوێژ؛ بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە گەورەیەی لەسەر شانی ئێمەیە، سووکی بکەن، هاوکارمان بن لە بەخاکسپاردنی کاکە راوێژ لە وڵاتەکەی خۆیدا."
 
راوێژ لەگەڵ دوو ئامۆزای دیکەی دوو مانگ بوو بەمەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا، کوردستانی بەجێهێشتبوو، جگە لەوان 62 کەسی دیکە  لە بەلەمەکەدا بوون، دووئامۆزاکەی دیکە رزگارکراون و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی فەرەنسا لەژێر چاودێریی پزیشکدان.
 
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لەو بارەیەوە دەڵێت، "لای قاچاخچییەکانیش روونە ئەو چووپە بە سەلامەتی ناگات بە کەناراوەکانی وڵاتی بەریتانیا، چاوەڕێی چانسێک دەکەن لە یەکێک لە کەشتییەکان بۆ ئەوەی رزگاریان بکەن، یاخود پۆلیسی دەریاوانی بە هانایانەوە بچێت، چونکە پێشتر ئەوانە پارە و هەموو شتێکیان پێ خەواندوون، بە گەیشتنی هەر کەسێک بۆ وڵاتی بەریتانیا پارەی خۆیان وەردەگرن و گوێ نادەن بەوەی کەس دەخنکێ یاخود نا." 
 
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو 2023 زیاتر لە 45 هەزار کەس لە سنووری ئیدارەی راپەڕین کۆچیان بەرەو وڵاتە جیاجیاکان کردووە. لەو رێگەیەدا 95 کەس بوونەتە قوربانی.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە