رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین رایدەگەیێنێت، زیاتر لە دوو هەزار خۆبەخشی تەندروستییان هەیە کە نزیکەی 50٪ی کارمەندانی کەرتەکە لە دەڤەری راپەڕین پێکدەهێنن. دەشڵیت، بەهۆی نەبوونی نەختینە و خەرجنەکردنی پارە بۆیان، کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان ئامادەنین تەندەری كڕینی دەرمان وەربگرن.
د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا لە هیچ نەخۆشخانە و ناوەند و بنکەیەکی تەندروستی لە دەڤەری راپەڕین، سەرەڕای نەبوونی مووچە، کارمەندانی تەندروستی بایکۆتی دەوامیان نەکردووە و بەردەوامبوون لە کارکردن.
لەبارەی دۆخی کەرتی تەندروستی لە دەڤەری راپەڕین گوتی، "گرفتێکی زۆرمان لە رێکارەکانی كڕینی دەرمان هەیە، چونکە هەر پرۆسەیەکی کڕینی دەرمان پێویستی بە 90 رۆژە، لەکاتێکدا لە 15-12 ژمێرەی کۆتایی ساڵ دادەخرێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکانی دابینکردنی دەرمان ئامادەنین تەندەرەکان وەربگرن، کۆمپانیاکان لە نەبوونی نەختینە و پارە دەترسن و بەشداری ناکەن، چونکە پارەیەکی زۆری کۆمپانیاکان لەلای حکومەتە."
لەبارەی دابینکردنی بودجە بۆ کڕینی دەرمان د. دیار ئیبراهیم گوتیشی، بۆ ساڵی 2023 نزیکەی شەش ملیار و 400 ملیۆن دینارمان بۆ تەرخانکراوە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە لە سەرەتای مانگی ئایار رەزامەندی لەسەر ئەو پارەیە دراوە و پرۆسەی كڕین و تەندرین رۆتینیاتی زۆرە و کاتێکی زۆری دەوێت و گرفتمان بۆ دروست دەبێت.
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین 123 بنکە و ناوەندی تەندروستی و نەخۆشخانە هەن؛ 7 نەخۆشخانەی گشتی، 27 مەڵبەندی تەندروستی و 78 بنکەی تەندروستی لە گوندەکان، نزیکەی 11 سەنتەری تەندروستی هەن.
د. دیار ئیبراهیم دەڵێت، "توانای مرۆیی کەرتی تەندروستیی راپەڕین چوار هەزار و 570 کارمەندن، بەشێوەیەک دوو هەزار و 570 پزیشک و کارمەندن لە پسپۆڕییە جیاوازەکان لەگەڵ دوو هەزار کارمەندی خۆبەخشی تەندروستیی کە نزیکەی 50٪ی کەرتی تەندروستی پێکدەهێنن."
11 ساڵە پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی لە رانیە تەواو نەکراوە، بودجەی تەرخانکراو بۆ دروستکردنی پرۆژەکە 107 ملیۆن دۆلار بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین دەڵێت، "ئەو نەخۆشخانەیە زۆر گرنگە بۆ ناوچەکە، بەڵام لایەنی جێبەجێکاری ئەو پرۆژەیە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستانە و ئێمە تەنیا لایەنی سوودمەندی پرۆژەکەین، بەتەواوکردنی ئەو پرۆژەیە، دەڤەری راپەڕین بۆ چەند ساڵێک کێشەی لە ژێرخانی کەرتی تەندروستی نامێنێت، لەرووی بیناسازییەوە نزیکەی 85٪ی تەواوبووە و بۆ تەواوکردنیشی نزیکەی 65 ملیۆن دۆلاری پێویستە."
لەبارەی پێداویستییەکانیان لە پزیشکی پسۆڕ، د. دیار ئیبراهیم دەشڵێت، "گرفتی پزیشکی پسپۆڕمان هەیە، لەهەموو ئیدارەی راپەڕین یەک پزیشکی مێشك هەیە، بەڵام ئێمە پێویستمان بە 8 پزیشکە، ئێستا سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک لە رانیە کراوەتەوە بەڵام یەک پزیشکی پسپۆڕمان هەیە و سەنتەری گورچیلە یەک پزیشکی پسپۆڕی هەیە."
لەبارەی پرۆژەکانی کەرتی تەندروستی لە دەڤەرەکەدا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین دەڵێت، "لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا چەند پرۆژەیەکی گرنگ بە گوژمەی نزیکەی پێنج ملیار دینار لە کەرتی تەندروستی جێبەجێکراون، لەوانە؛ بینای سەنتەری مەمک تەواوکراوە بەگوژمەی لە یەک ملیار و 200 ملیۆن دینار، بینای نەخۆشخانەی فریاکەوتینی رانیە لە قۆناخی تەواوبوونە و لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دروست دەکرێت بە گوژمەی نزیکەی یەک ملیار و 300 ملیۆن دینار، هەروەها کڕینی ئامێریکی CT سکان بە بڕی نزیکەی 700 ملیۆن دینار بۆ سەنتەری تیشکی قەڵادزێ."
ئاماژەی بەوەشکرد، "دوو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن( ئیسعاف)مان دابینکردووە لەگەڵ بینایەکی تایبەت بۆ بانکی خوێن لە قەڵادزێ دروستکراوە و ئێستاش خەریکی دروستکردنی بینایەکی تایبەتین بۆ کردە پزیشکییەکان بۆ 112ی فریاکەوتن."
بەگوتەی د. دیار ئیبراهیم، لە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی رانیە بە هاوکاری رێکخراوی GIZی ئەڵمانی 30 بێد بۆ نەخۆشخانەکە زیادکراوە و لەلایەن رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانیشەوە بەشی فریاکەوتن بۆ نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوون کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ