رووداو دیجیتاڵ
کەمپی مەخموور بە درۆن بۆردوومان کرا و تاوەکو ئێستا زیانەکانی نازانرێت. دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان دەڵێت، کوژراو و بریندار هەن.
رەشاد گەڵاڵی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی قەرەچووخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، "بۆردوومانەکە بە درۆن بووە و کاژێر 10:15 کراوە."
گەڵاڵی گوتی، ئاسایشی نێو کەمپەکە تاوەکو ئێستا رێگەیان نەداوە هیچ کەس و لایەنێک بچێتە ژوورەوە بۆ زانینی زیانەکانی.
دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "کاژێر 9:45ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بنکەیەکی کۆبوونەوەی ئەندامانی پەکەکەی لە کەمپی مەخموور کردە ئامانج."
بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، بەهۆی بۆردوومانەکەوە "کەسێک کوژراو و دووی دیکەش بریندار بوون، کە لەنێویاندا بەرپرسی پەکەکە هەیە."
ئەوەش لە کاتێکدایە، 10ی ئەم مانگەش بە درۆن کەمپەکە بۆردوومان کرا، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و دووی دیکەش بریندار بوون.
کەمپی مەخموور، دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن کەمپی (شەهید رۆستەم جوودی)، لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە.
بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخموور، نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەمپەکەدا نیشتەجێن. تورکیا زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، کەمپەکە بووەتە شوێنی پێگەیاندنی ئەندامانی پەکەکە و تاوەکو ئێستا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ