تورکیا خاڵێکی سەربازی لە ناوچەی سۆرێ سگێرێ لە سنووری ئامێدی دانا

16-09-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە سنووری ئامێدی. وێنە: رووداو
بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە سنووری ئامێدی. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - ئامێدی

ماوەی هەفتەیەکە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەوانە بە چڕی بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی ئامێدی دەکات، بەتایبەتی سۆرێ سگێرێ. جیاواز لە جارەکانی پێشوو، بۆردوومانەکان بە رۆژیش بەردەوامن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە 10ی ئەیلوولەوە تورکیا سەربازی خۆی لە سۆرێ سگێرێ جێگیرکردووە؛ بە چڕی بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچەکە دەکات. نزیکترین گوند لە بۆردوومانەکانی ئەم رۆژانەی رابردوو گوندی سەرگەلێیە، کە خەڵکەکەی ژیانیان لەژێر بۆردوومان بەسەردەبەن و تووشی ترس و نیگەرانی بوون.
 
نزار محەممەد، فەرمانبەر ئاماژە بەوە دەکات، دوای ئەوەی هێزەکانی تورکیا هاتوونەتە سنوورەکە، دۆخەکە ناخۆش بووە، فڕۆکەی جەنگی بەردەوام هاتووچۆ دەکەن.
 
یەکێک لە بۆردوومانەکان کەمتر لە دوو کیلۆمەتر لە پێنج گوندی دەڤەری نهێلی دوور بووە. تاوەکو ئێستا زەرەر و زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادیی زۆر بەهۆی بۆردوومانەکانەوە کەوتووەتەوە.
 
مام عەبدولجەلیل خالید لە گوندێکی سنوورەکە درز کەوتووەتە ماڵەکەی و دەڵێت، لەگەڵ بۆردوومانەکاندا خانووەکەی دەلەرێتەوە، ئەوەش مەترسیی زیاتریان لەسەر دروست دەکات. مام عەبدولجەلیل دەڵێت، "زەوییەکە هەمووی دەلەرێتەوە، نەک تەنیا خانووەکەی من، خانووی هەمووان وای لێهاتووە، بەڵام ئەوەی من زیاترە، سەقفەکەی دێتەخوارەوە و چیمەنتۆ دەکەوێتە ناو ماڵ."
 
لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، تورکیا لە سنووری ناحیەی دێرەلووک و شێلادزێ بە قوڵایی 20 کیلۆمەتر و پانیی 35 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و 13 خاڵی سەربازیی داناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە