کۆبوونەوەکانی دووەم رۆژی نێچیرڤان بارزانی لە بەریتانیا

16-09-2021

19:31

نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ وەزیری دەرەوە گفتوگۆمان لەبارەی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان کرد

نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ وەزیری دەرەوە گفتوگۆمان لەبارەی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان کرد
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆبووەوە و لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەندیدار بە ناوچەکە قسەیان کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئەیلوولی 2021 لە تویتێکدا رایگەیاند، "لەگەڵ لیز ترەس، وەزیری نوێی دەرەوەی بەریتانیا کۆبوومەوە، لە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیدا وەکو باڵاترین دیپلۆماتی بەریتانیا و بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەیەوە پیرۆزباییم لێکرد. ئێمە گفتوگۆمان لەبارەی چۆنێتیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بەهێزەکانمان و پاڵپشتیی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان، سەقامگیریی ناوچەکە و پرسە هەنووکەییەکانی دیکە کرد".
 

تەواوی هەواڵەکە

 

زیاتر بخوێنەوە

17:29

ئەلیشیا کێرنس: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسمان لە هاوڕێیەتیی لەمێژینەی نێوان وڵاتەکانمان کرد

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەلیشیا کێرنس، پەرلەمانتاری بەریتانیا
 
ئەلیشیا کێرنس، پەرلەمانتاری بەریتانیا کە هاوکات ئەندامی لیژنەکانی کاروباری دەرەوە و ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی بەریتانیایە، باس لەوە دەکات لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسیان لە پەیوەندیی نێوان شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کردووە، دەشڵێت، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لیز ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆدەبێتەوە.
 
ئەلیشیا کێرنس بە هاوپێچکردنی وێنەی خۆی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئەیلوولی 2021 لە تویتێکدا نووسیویەتی، "دوێنێ کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی ئەو هاوڕێیەتییە لەمێژینەیەی لەنێوان وڵاتەکانماندا هەیە، هەروەها بۆ تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی داهاتوو بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان".
 
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا ئەو پەرلەمانتارەی بەریتانیا نووسیویەتی، "دڵخۆشم کە لیز ترەس، وەزیری نوێی دەرەوەمان لەگەڵ بەرێز سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە".
 
لیز ترەس کە پێشتر وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بەریتانیا بوو، رۆژی چوارشەممە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی کابینەی حکومەتی بەریتانیا، لەلایەن بۆریس جۆنسنەوە وەکو وەزیری دەرەوە دەستنیشان کرا.
 
بەوەش، لیز ترەس یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لە پۆستی وەزیری دەرەوەدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو یەکەمین سەرکردەی دەرەوەی بەریتانیا ئەنجام دەدات.
 
کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا رۆژی چوارشەممە لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتەکەیان لەم کاتەدا "دەرفەتێکی گەورەیە" بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندیی بازرگانی و پێکەوە کارکردنی ئابووری. لیز ترەس پێشتر لە دوو کاتی جیاوازدا وەزیری بازرگانی و وەزیری گەنجینەی بەریتانیا بووە.
 
کۆنسوڵخانەی بەریتانیا دەڵێت، وەزیری نوێی دەرەوەی وڵاتەکەیان لە ماوەی رابردوودا لە نزیکەوە کاری لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکاندا کردووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:16

سەرۆکی ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا: له‌ پشتگيريى هە‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هە‌رێمى كوردستان و لۆرد جۆن ماكفۆل، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى لۆردان له‌ په‌رله‌مانى به‌ريتانيا
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا، لەگەڵ لۆرد جۆن ماکفۆل، سەرۆکی ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا کۆبووەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا رایگەیاند، لە پشتگیریی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن. نێچیرڤان بارزانی داوای لە پەرلەمانی بەریتانیا کردووە هاوکاربن لە پتەوکردنی دیموکراسی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.
 
له‌ دووه‌مين رۆژى سه‌ردانه‌ فه‌رمييه‌كه‌يدا بۆ شانشينى يه‌كگرتوو، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16ی ئەیلوولی 2021 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هە‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ لۆرد جۆن ماكفۆل، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى لۆردان له‌ په‌رله‌مانى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌، پرۆسه‌ و ژيانى سياسى له‌ عێراق و هە‌رێمى كوردستان و هە‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هە‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا، شه‌ڕى دژى تيرۆر، كۆڤيد-19، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هە‌رێمى كوردستان، كاريگه‌رييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا له‌سه‌ر عێراق و هە‌رێمى كوردستان و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، بيروڕايان ئاڵوگۆڕ كرد.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لۆرد ماكفۆل ستايشى پرۆسه‌ى ديموكراسیى له‌ هە‌رێمى كوردستان و دانانى كۆتا بۆ مسۆگه‌ر‌كردنى به‌شداريى ئافره‌تان و نوێنه‌رى پێكهاته‌كان له‌ پرۆسه‌ى سياسى و ژيانى په‌رله‌مانى و دامه‌زراوه‌كانى حكوميدا كردووە و دووپاتى كردووەتەوە، "په‌رله‌مانى به‌ريتانيا له‌ پشتگيريى هە‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش‌ پێشنيار و راسپارده‌ ده‌داته‌ حكومه‌تى وڵاته‌كه‌ى"، هه‌روه‌ها "سوپاسى رۆڵى هه‌رێمى كوردستانى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تێكشكاندنى داعشدا كرد".
 
لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هە‌رێمى كوردستانى بۆ به‌رده‌واميى پشتگيريى په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نى لۆردان و حكومه‌تى به‌ريتانيا له‌ عێراق و هە‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه‌ و سوپاسی په‌رله‌مانى به‌ريتانياى كرد كه‌ تاوانه‌كانى داعشى به‌رامبه‌ر به‌ کوردانی ئێزدی و پێكهاته‌كانى ديكه‌ له‌ عێراق و هە‌رێمى كوردستان به‌ جينۆسايد ناساندووه‌.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داواى كردووە "په‌رله‌مانى به‌ريتانيا له‌ پته‌وكردنى ديموكراسى و دامه‌زراوه‌كانى وڵاتدا، هاوكاريى هە‌رێمى كوردستان بكات".
 
زیاتر بخوێنەوە

15:06

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆدەبێتەوە

دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی لۆردەکان، نێچیرڤان بارازنی دەچێتە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و لەگەڵ لیز ترەس، وەزیرە نوێیەکەی دەرەوەی بەریتانیا کۆدەبێتەوە.
 
لیز ترەس رۆژی چوارشەممە دوای گۆڕانکارییەکانی بۆریس جۆنسن لە کابینەکەی بووە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمەنیک راب، کە وەزیری دەرەوە بوو بووە وەزیری داد و جێگری سەرۆکوەزیران.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکەم کەسە کە لیز ترەس وەکو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵی کۆدەبێتەوە.
 
مانگی 6ی رابردوو دۆمەنیک راب، وەکو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دۆمەنیک راب گوتی، خۆشحاڵ دەبین نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەریتانیا بکات. هەر بۆیەش بە فەرمی بانگهێشتی بەریتانیا کرا.
 
زیاتر بخوێنەوە

13:57

کۆبوونەوەکانی دووەم رۆژی نێچیرڤان بارزانی لە بەریتانیا

کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لە بەریتانیا
رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە پەرلەمانی بەریتانیا و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی لۆردەکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ دووەم رۆژی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ بەریتانیا. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاژێر 14:30 خولەک بەکاتی هەولێر گەیشتە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی لۆردەکان لە پەرلەمانی بەریتانیا.
 
ئێواره‌ى رۆژی چوارشه‌ممه‌ 15-9-2021 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ بێن واڵێس وه‌زيرى به‌رگريى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ وه‌زيرى هێزه‌ چه‌كداره‌كانی بەریتانیا و باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق ئاماده‌ى بوون، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر له‌ عێراق و مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش تاوتوێ كراوە و بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا هاوڕابوون كه‌ داعش هێشتا له‌سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه‌ و جيهانيش هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى راسته‌قينه‌يه‌‌ و هێشتا پشتگيرى و هاريكاريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و له‌ناوبردنى، پێويسته‌. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە