رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبووەوە و بژار خدر عومەری وەکو قایمقامی قەزای قوشتەپە دیاریکرد.
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رۆژی چوارشەممە 16-8-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کۆی 29 ئەندامی ئەنجوومەن 23 ئەندامیان ئامادەبوون و 18 ئەندامیان دەنگیان بە بژار خدر عومەر دا بۆ ئەوەی وەکو قایمقامی قەزای قوشتەپە دیاری بکرێت.
بژار خدر عومەر پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە بووە و دەڵێت، "ئەندامانی پارتی لە ئەنجوومەن، یەکێتی و پێکهاتەکان دەنگیان پێ دا، بەڵام یەک ئەندامی یەکگرتوو، دوو سەربەخۆ و دوو گۆڕان دەنگیان پێنەدا."
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە دەنگی زۆربەی ئەندامانی قوشتەپەی کردە قەزا. عەلی رەشید دەڵێت، بڕیاری دیاریکردنی بژار خدر وەک قایمقامی قەزای قوشتەپە دەنێردرێتە پارێزگای هەولێر و ئەوانیش بۆ وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی وەزیرانی دەنێرن و دوایین هەنگاویش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە و لەوێ بڕیاری هەرێمی بۆ دەردەکرێت.
عەلی رەشید دەڵێت، قوشتەپە دوای بوون بە قەزا بودجەی پێویستی دەبێت بۆ خزمەتکردنی و بەراورد بە جاران، دەکرێت زیاتر خزمەت بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ