رووداو دیجیتاڵ
تەرمی یاسر محەممەد کە تەمەنی هەشت ساڵان بوو و لە راپەڕین کوژرا، رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.
ئەو منداڵەی درەنگانێکی شەوی شەممە 15-07-2023 دوای دوو رۆژ لەدیارنەمانی تەرمەکەی بەکوژراوی لە هەنجیرە لە نزیک چیای کێوەڕەش لە رانیە دۆزرایەوە.
باسل واحید، مامی منداڵە کوژراوەکەیە و دەڵێت، "کەسێک بەناوی خێرخوازییەوە هاتووە لە ماڵەوە منداڵەکەی بردووە، دواتر فێڵی لێکردووە و کوشتوویەتی. پێنج ساڵە لە رانیەین تائێستا ئەوەمان بەبینیوە."
مەلەک سوبحی، داپیرەی منداڵەکە گوتی، "داواکارم لە حکومەت چۆن منداڵەکەی ئێمەی کوشت بەوجۆرە بکوژرێتەوە."
یاسیر محەممەد، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوو، نزیکەی نۆ ساڵە ماڵیان چووەتە شاری رانیە و لە گەڕەکی رەشەمێرگ نیشتەجێن.
پۆلیس دەڵێت، بکوژەکە "بەفێڵی شت کڕین" منداڵەکەی بە سواری ماتۆڕسکیلێک لەگەڵ خۆیدا دەبات و بەچەقۆ دەیکوژێت و دواتر تەرمەکەی دەشێوێنێت.
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی گوت، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دانی بەتاوانەکەدا ناوە و دەڵێت: بەچەقۆ کوشتوویەتی و تەرمەکەی فڕێداوە.
ئەو کەسەی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرکراوە تەمەنی 21 ساڵە و خەڵکی شاری رانیەیە؛ پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ