رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدییان رایگەیاند، 6 کچە رفێندراوی کوردی ئێزدی لە تورکیا دۆزرانەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی تورکیا دەکەن بۆ هێنانەوەیان. هەروەها ئاشکرای دەکات، ژمارەیەکی زۆر لە رفێندراوەکان لە کەمپی هۆل هەن، کە ناوێرن خۆیان ئاشکرا بکەن.
خەلەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدییان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، گوتی، "6 رفێندراو لە خانەیەکی بێ دایک و باوکانی تورکیادان و پشکنینی DNAیان بۆ دەکرێت بۆئەوەی بیانهێنینەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەچینە تورکیا بۆ هێنانەوەیان."
ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە هەوڵەکانی عێراق بۆ گەڕانەوەی رفێندراوەکان کرد و گوتی، "باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە سەرقاڵی رێکاری پێویستن بۆ ناسینەوە و هێنانەوەی ئەو رفێندراوانە."
بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان، داعش لە ئابی 2014دا 6417 کوردی ئێزدیی رفاند، تاوەکو ئێستا 3585یان رزگار کراون.
خەلەف شنگالی دەڵێت، نووسینگەی نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی لە دۆزینەوە و رزگارکردنی رفێندراوەکاندا بینیوە. ئاماژەش بەوە دەکات، ژمارەیەکی زۆر لە رفێندراوەکان لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستان هەن، کە ناوێرن خۆیان ئاشکرا بکەن بەهۆی رەفتارە تووندەکانی خێزانەکانی داعشەوە.
لە کەمپی هۆل کە لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە، زیاتر لە 42 هەزار کەس دەژین کە زۆربەیان کەس و خێزانی چەکدارانی داعشن، لەو ژمارەیە زیاتر لە 18 کەسی بیانی لە 60 وڵاتی جیاوازی جیهان هەن.
لەبارەی دۆخی شنگال و ئێزدییەکانەوە، ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە پلانی سوودانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچەکانی دیکە کرد و گوتی، "زیاتر لە 10 کۆبوونەوەمان کردووە بۆ چۆنێتی گەڕانەوەی ئاوارەکان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری، بڕیاریان داوە لە 60 رۆژدا پلانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال ئامادە بکرێت."
لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ئابی 2014 نزیکەی 500 هەزار کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەر چەند بەشێکی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە بەڵام تائێستا نزیکەی 300 هەزار کەسیان لە 15 کەمپدا نیشتەجێن.
خەلەف شنگالی ئاماژەی بە ئاوارەکان کرد و گوتی، 125 هەزار ئاوارەی شنگال لە 15 کەمپی هەرێمی کورستان و زیاتر لە 170 هەزاریش لە دەرەوەی کەمپەکان هەن، ئەوان دەخوازن لە ماوەیەکی کەمدا ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە، بۆ ئەمەش سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال و قەحتانیەی داوە و لە داهاتوودا ژمارەیەک خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنانە دابین دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ