رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری پێشووتری پارتی سۆسیالیستی کوردستان - باکوور و سەرۆکی پێشووی هاکپار رایگەیاند، "با پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش بۆ کورد باشە،" و جەختی کردەوە کە "با بزووتنەوەی کوردی بە سیاسەتی یاسایی داوای مافەکانی خۆی بکات."
رۆژی چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025 کەمال بورکای، سکرتێری پێشووتری پارتی سۆسیالیستی کوردستان - باکوور و سەرۆکی پێشووی هاکپار باسی هەڵسەنگاندن و دواپێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستانی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
بورکای ئاماژەی بەوەدا کە پرۆسەی ئاشتی بە لێدوانەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، دەستیپێکردووە کە تێیدا باسی ئەگەری قسەکردنی ئۆجەلان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کردبوو.
سکرتێری پێشووتری پارتی سۆسیالیستی کوردستان - باکوور رەخنەی لە هەڵوێستی باخچەلی گرت و وتی، "ئێمە باخچەلی باش دەناسین، سەبارەت بە کێشەی کورد شتی باشی نەگوتووە. دژی کوردە و هیچ کاتێک بەرگری لە مافی کورد نەکردووە."
سەبارەت بە پەکەکە، بورکای دەڵێت کە ئۆجەلان پێشتر گوتوویەتی "ئێمە هیچ شتێکمان ناوێت، نە سەربەخۆیی، نە فیدراڵی، نە ئۆتۆنۆمی." لەوبارەیەوە بورکای پرسیار دەکات و دەڵێت: "مادام وایە بۆچی چەک؟ بۆچی ئەو گەنجانە دەکوژرێن؟ بۆچی دەیانبەنە سەر چیاکان و بە کوشتیان دەدەن؟ حەیف نییە؟"
بورکای دوو هەوڵی پێشووی چەکدانانی پەکەکە لە ساڵانی 1999 و 2013 باس کردەوە و گوتی، دەوڵەتی تورک ئەو کاتانە "رێگەی نەکردەوە" بۆ تەسلیمکردنی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بە تایبەتی لە ساڵی 1999 ویستوویەتی "پەکەکە بەربداتە سەر کوردانی باشوور."
سکرتێری پێشووتری پارتی سۆسیالیستی کوردستان - باکوور و سەرۆکی پێشووی هاکپار جەختی لەسەر گرنگیی خەباتی سیاسی یاسایی کردەوە و گوتی، "با بزووتنەوەی کوردی بە سیاسەتی یاسایی داوای مافەکانی خۆی بکات. دەم پارتی هەیە یاساییە، با کاری خۆی بکات."
هەروەها ئاماژەی بە پارتی ماف و ئازادییەکان (هاکپار) کرد کە "وەک دەم پارتی نییە" و داوای فیدراڵی بۆ کورد دەکات "وەک کوردستانی باشوور."
کەمال بورکای خواستی خۆی بۆ بەدەستهێنانی سیستمی فیدراڵی لەلایەن کوردانی سووریاشەوە دەربڕی، بەڵام گوتی، "بێگومان باخچەلی ئەم شتەی ناوێت، دەوڵەتی تورکیش ئەم شتەی ناوێت."
لە کۆتایی گوتەکانی ئۆرکای باسی لەوەکرد: "ئێمە وەک هاکپار دەڵێین، با مافەکانی کورد بناسرێت، ئەویش لەسەر بنەمای فیدراڵییە. دەوڵەت با دەوڵەتی هاوبەشی کورد و تورک بێت. لە کوردستان با پەرلەمانی کوردی هەبێت. لە پەرلەمانی تورکیا لە ئەنقەرە، هەم نوێنەرانی کورد و هەم هی تورک هەبن، واتە با وەک بەغدا بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ