رووداو دیجیتاڵ
ئێزدییەکان، لە پەرستگەی لالش، یادی جەژنی سەری ساڵی نوێ (چوارشەممەی سوور)، دەکەنەوە. لەو رۆژەدا ئێزدییەکان لە سەرانسەری جیهان روودەکەنە پەرستگاکە کە دەکەوێتە پارێزگەی دهۆک.
تایبەتمەندی جەژنەکە ئەوەیە دەکەوێتە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان بە ساڵنامەی رۆژهەڵاتی. ئێزدییەکان باوەڕیان وایە ژیان لە رۆژێکی چوارشەممەدا دەستی پێکردووە.
ئێزدییەکان بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئامادەکاری بۆ جەژنەکە دەکەن. کوڵاندن و رەنگکردنی ھێلکە بە رەنگە جۆراوجۆرەکان یەکێکە لە دیارترین ئامادەکارییەکان. ژنان ھێلکەکان ئامادە دەکەن و پیاوان توێکڵەکانی فڕێدەدەنە نێو کێڵگەکانەوە، ئەمەش وەکو ھێمایەک بۆ بەخت و بەرەکەتی کشتوکاڵی.
گەنجان گوڵی سوور کۆدەکەنەوە و بە جلوبەرگەکانیانەوە ھەڵیدەواسن و دەروازەی ماڵەکانیانی پێ دەڕازێننەوە، ئەمەش نیشانەی خۆشەویستی و ھیوایە بۆ ژیانێکی نوێ.
لە پەرستگای لالش، کە دڵ و ناوەندی ئایینی ئێزدییەکانە، 366 ئاگر دەکرێنەوە، کە ئاماژەیە بۆ ژمارەی رۆژەکانی ساڵنامەی ئێزدی. ھەروەھا رێوڕەسمی تایبەت بە گەڕاندنەوەی "تاووسی مەلەک" بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا پەیامەکانی ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیان دووبارە دەکرێنەوە.