رووداو دیجیتاڵ
لە ژێر درووشمی "بەتواناکانمان داهاتوو بنیاد دەنێین" و بە چاودێریی سەرۆک مەسعود بارزانی یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان لە رۆژانی 13 و 14 ی نیسانی 2025 لە شاری هەولێر کۆتاییهات.
کۆنفرانسەکە کە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند، پێنج پانێڵی سەرەکی لەخۆگرتبوو لە چوارچێوەی 20 بابەتی جیاوازدا، کە تێیدا باس لە رۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە ڕێکخستنەکانی پارتی و بەربەستەکان، دیدگای پارتی بۆ بەشداری ئافرەتان لە دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا، رۆڵی ئافرەتان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، پێگەی ئافرەت لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا، و رۆڵی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە خزمەتکردنی دۆزی ئافرەت، کرا.
سەرۆک بارزانی لە پەیامی کردنەوەی کۆنفرانسدا رایگەیاند: "ئێوە بەتواناکانتان داهاتوو بنیاد بنێن، منیش پاڵپشتی لە ئێوە دەکەم".
داوای چاکسازیی یاسایی و پشتگیریی ئابووری
کۆنفرانسەکە تیشکی خستە سەر هۆکارە سیاسی، یاسایی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان کە کاریگەریان لەسەر بەشداریی ئافرەتانی کوردستان هەیە لە کایەکانی سیاسی و حوکمرانیدا.
لە گوتاری کۆتایی کۆنفرانسەکەدا هاتووە: "پێویستە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستوور، لە دەستووردا گرنگترین ئەو بنەمایانە جێگیر بکرێن کە خزمەت بە بەهێزترکردنی بەشداریی ئافرەتان دەکەن لە کایەی حوکمرانیدا، وەکو بنەمای جیاکاری ئەرێنی بۆ ئافرەتان".
هەروەها جەختی کردووەتەوە لەسەر "سازدانی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ ناساندنی گرنگیی بەشداریی ئافرەتان لە کایەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردندا".
بەشداری فراوانتری ئافرەتان لە حکومەتی داهاتوو
کۆنفرانسەکە داوای کردووە کە لە کابینەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا بەشداریی ئافرەتان لە پێگە و پلەکاندا فراوانتر لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی بێت و دەرفەتی زیاتر بۆ بەگەڕخستنی تواناکانیان بڕەخسێندرێت.
هەروەها جەختی لەسەر فراوانکردنی بەشداریی کارای ئافرەتان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کردووەتەوە و "هانی ئافرەتان دەدات کە بەشدارییەکی بەهێز و کاریگەریان هەبێت لە کاتی بانگەشە و دەنگداندا."
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا چەندین راسپاردە و پێشنیاز بۆ سەرکردایەتیی پارتی خرایەڕوو، و خوازراوە کە "پێکەوە بتوانین هەنگاوی فراوان لە بەهێزکردنی رۆڵ و پێگەی ئافرەتان لەناو کۆمەڵگەدا بنرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ