رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک و قادسیەی کوێتی دوێنێ شەو لە یاریگەی دهۆک رووبەڕووی یەکبوونەوە. گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت، زیاتر لە 35 هەزار هاندەر لە یاریگا ئامادە بوون.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، شەماڵ هەروری، گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ شەو خەڵکێکی زۆر لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و کەنداویش هاتبوون بۆ سەیرکردنی یاری نێوان دهۆک و قادسییەی کوێتی لە دهۆک، کە زیاتر لە 35 هەزار کەس لە ناو یاریگا ئامادە بوون."
پارێزگای دهۆک، شەوانە دەتوانێت 17 بۆ 18 هەزار گەشتیار لەخۆبگرێت. گوتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، زۆرترین گەشتیار سەردانی پارێزگاکەی کردووە، بە رادەیەک هەموو ئۆتێل و مۆتێلەکان پڕبوون لە گەشتیار و سەردانیکەر.
هاوکات هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە رووداوی گوت، شەوی رابردوو لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکە هیچ تاوان و رووداوێک تۆمار نەکراوە، هەموو شتێک بە باشی و بەپێی ئامادەکاری و پلان بەڕێوەچوو.
یارییەکە یاریی کۆتایی جامی کەنداو بوو و تیایدا دهۆک بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە قادسییەی بردەوە و بۆ یەکەمجار بووە پاڵەوانی جامی کەنداو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ