رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گۆڕانکاریی خێرا و هەستیار لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە و "سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ خراپترکردنی سەقامگیریی ناوچەکە نین".
مەسرور بارزانی لە دیداری سلێمانی رایگەیاند، هەندێک لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە چاوەڕوانیی کەسدا نەبوون، بەڵام لە ئێستادا "بارودۆخێکی نوێ خوڵقاوە". باسی لەوەش کرد، ئەو گۆڕانکارییەی لە سووریا کرا، لە چاوەڕوانیی دەسەڵاتی ئێستا و پێشووش نەبووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات "یەکگرتوو بن" و لەگەڵ دیمەشق هەوڵبدەن رێکبکەون و "هەڵەکانی ئێمە دووبارە نەکەنەوە".
مەسرور بارزانی گوتی، "سووریا لە دۆخێکی زۆر هەستیاردا دەژی، پێویستیان بە یارمەتیی نێودەوڵەتی هەیە."
سەرۆکوەزیران رایگەیاند، "ئەمریکییەکان دەیانەوێ ئاشتی بەرقەراربێ، ئەوان رێکاری جیاوازتریان هەیە، بەکارهێنانی هێز بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییە، ئەگەر ئەمە سیاسەتیان بێت، لایەنەکان دەبێت بتوانن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن".
مەسرور بارزانی باسی لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرد، گوتی، "ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئەوان هەیە. چەندین بەرپرسی دیکەش هەن لە ئیدارەی ترەمپ، دۆستی نزیکی ئێمەن. هەمیشە هەوڵمانداوە مایەی خێر بین".
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێشتریش هەوڵی ئەوە دراوە ئاشتی ببێتە جێگرەوەی شەڕ و پێکدادان، بەڵام ئاشتی بە لایەنێک ناکرێت".
مەسرور بارزانی لەوبارەیەوە زیاتر قسەی کرد، گوتی، "ئەم جارە گۆڕانکاریی لە بۆچوونی لایەنە تووندڕەوەکانیش هەیە، ئەوان باسی ئاشتی و لێکنزیکبوونەوە دەکەن. ئەمە جیاوازییەکەیە". گوتیشی، "ئەمانە هەمووی گۆڕانکاریی ئەرێنی و باشن. دەبێت ئیرادەی ئاشتی و پرۆسەی سەرخستنی ئاشتی بەهێزتر بێت لەوانەی دەیانەوێ رێگری لێ بکەن."
مەسرور بارزانی گوتی "ئێران لاواز نەبووە، دراوسێی ئێمەیە، پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ ئێران هەیە. لەگەڵ ئەمریکاش دۆستایەتیمان هەیە و هەمیشە پشتوانی ئێمەن".
باسی لەوەش کرد، "رێز لە پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ئێران و ئەمریکاش دەگرین، بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی کورد نییە ببێتە بەشێک لە کێشەکە".
دەقی قسەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
پرسیار: جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەخێربێن؟
مەسرور بارزانی: زۆر سوپاسی جەنابت دەکەم، زۆر خۆشحاڵم کە بەشدارم لە کۆڕبەندی دیداری سلێمانی، سوپاسی جەنابت و د. بەرهەم دەکەم بۆ بانگهێشتکردن و میوانداریمان کە بەشدار بین لەم کۆڕبەندە، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
پرسیار: دوێنێ جەنابت لە دهۆک بوویت، دڵیشت زۆر خۆش بوو گوتم ئەگەر پەیامێکت هەبێت بۆ یانەی دهۆک و عێراق بەر لەوەی بچینە سەر پرسیارەکان.
مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس، لەوانەیە زۆربەتان بینیبێتتان لە تەلەڤزیۆنیش، یارییەکی زۆر جوان بوو، ئەمە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی عێراق، یانەیەکی عێراقی ئەم یارییە بباتەوە، کە ئەمجارە یانەیەکی کوردستانی، یانەی دهۆک، توانی جامی کەنداو بباتەوە، ئەوە جێگەی دڵخۆشیی هەموو لایەنێک بوو و پیرۆزبایی لە ئەوان و هەموو خەڵکی عێراق و بەتایبەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم و هیوادارم بەردەوام بن لە سەرکەوتن و هیوای سەرکەوتن بۆ یانەکانی دیکەی کوردستانیش دەخوازم.
پرسیار: حەز دەکەم هەندێک بابەتی ستراتیجی باس بکەین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دواتر بێینە نێو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دوایی بێینەوە عێراق و پاشان بێینە سەر دۆخی نێوماڵی خۆمان.
مەسرور بارزانی: من لە خزمەتتاندام، بەڵام ئەگەر روخسەتم بدەیت، یەک یان دوو پەیامی کورتم هەیە، هەر وەک دەزانن ئەم رۆژانە رۆژانی تاوانە بەدناوەکانی ئەنفالە. پێمخۆشە ئێمە سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی کوردستان دابنەوێنین و ئەم یادە بەرز رابگرین و هەموو کارێکیش بکەین، بۆ ئەوەی رێگە نەدەین جارێکی دیکە ئەم جۆرە تاوانانە دووبارە ببنەوە. هەروەها ئەمڕۆ رۆژی جەژنی ساڵی نوێی خوشک و برا ئێزدییەکانیشە، بۆیە من پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێ لە خوشک و برایانی ئێزدیمان دەکەم لە کوردستان و هەموو جیهان و هیوادارم ساڵی خۆشی، سەرکەوتن و پێشکەوتن بێت و هەردەم سەرکەوتوو بن. زۆر زۆر سوپاس جارێکی دیکە، بۆ بانگهێشتکردنم.
پرسیار: سوپاس بۆ جەنابت و ئامادەبوونت. لە 18مانگی رابردوو ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕانکاریی گەورە و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەسەد لە سووریا نەماوە، حیزبوڵڵا لاواز بووە، ئێران تاوەکو ئاستێکی زۆر لاواز بووە، ئەمریکایەکی نوێ لە ئارادایە کە سیاسەتیان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر روون نییە، ئێوە دۆخەکە چۆن دەبینن؟ رۆڵی هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟
مەسرور بارزانی: پێموایە لەوانەیە زۆر ئەستەم بێت بۆ من و بۆ هەر کەسێک کە خوێندنەوەیەکی تەواو و ورد بۆ هەموو ئەو رووداوانە بکات کە ئێستا لەئارادان، بەڵام ئەوەی دیارە گۆڕانکارییەکی خێرا و هەستیار لە ناوچەکەدا روودەدات و ئەو گۆڕانکارییانەش هەندێکیان لەوانەیە چاوەڕواننەکراو بووبن. ئەوەی کە بینیمان ئەو گۆڕانکارییە خێرایەی کە لە سووریا روویدا، پێموایە لە ئاستی چاوەڕوانیی خودی دەسەڵاتی ئێستای سووریا و دەسەڵاتی پێشووتریشدا نەبوو، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە زۆر خێرا هاتنە کایەوە کە ئەمانە دۆخێکی نوێیان خوڵقاند، بەتایبەتی لە سووریا. لە هەمانکاتدا هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاش وایکردووە حکومەتێکی نوێ و بە سیاسەتێکی جیاواز ئێستا حوکمڕانی لە ئەمریکا بکات، کە سیاسەتێکی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها ئەم لێکدان و پێکدادانە و شەڕ و ناخۆشییانەی کە لە ناوچەکەشدا هەن، هەر وەک جەنابت ئاماژەت پێدا، دیسان ئەمانەش هەموویان کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر رەوتی رووداوەکانی ناوچەکەدا هەیە و ئێمەش بەدەر نابین لەو گۆڕانکارییانەی کە هەن، بەڵام چۆن بتوانین خۆمان بگونجێنین هەر وەک پێشتریش ئێمە باسمان کردووە، سیاسەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە جۆرێک بێت کە ئێمە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ تەشەنەکردن و خراپترکردنی باری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە نەبین. ئێمە ئەگەر بتوانین دەورێکی کاریگەر لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و باشترکردنی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە و ئاشتی بگێڕین ئەوە زۆر باش دەبێت، بەڵام نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لەو ململانێیە خودا نەخواستە، کێشەکان ئاڵۆزتر بکات، نە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە و نە لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەدایە و خەڵکی ئێمەش ماندوو بووە.
خەڵکی ئێمە چاوەڕانی ژیانێکی باشترە، داهاتوویەکی گەشترە و هەر هەنگاوێک بۆ باشترکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا هەبێت، هەرێمی کوردستان پێویستە خۆی لەو بەرەیەدا ببینێتەوە.
پرسیار: خوێندنەوەت بۆ سیاسەتی ئەم ئیدارەیەی ئەمریکا چییە و پەیام و داواکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی ترەمپ چییە؟
مەسرور بارزانی: من خوێندنەوەیەکی جیاوازم نییە لەوەی کە ئێمە دەیبینین، ئەوەی کە لە خودی ئەمریکییەکان دەیبیستین، ئەوان دەیانەوێت بەتایبەتی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا دەڵێت ئێمە دەمانەوێت ئاشتی بەرقەرار بکەین، بەڵام بۆ چۆنیەتیی گەیشتن بە ئاشتی رێکاری جیاوازیان هەیە، ئەوان باسی ئەوە دەکەن ئاشتی لە رێگەی هێزەوە، کەواتە بەکارهێنانی هێز بۆ ئەوەیە کە ئاشتی بەرقەرار بکرێت، جا ئەگەر ئەمە سیاسەتەکەیان بێت، دەبێت لەیانەکانی دیکەش بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمریکا بکەن، ئێمە پەیوەندییەکی دوور و درێژمان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکادا هەیە و بەتایبەتی ئەو برادەرانەی کە ئێستا لە دەسەڵاتدان، بەڕێز وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دۆستێکی کۆنی ئێمەیە و هەر کاتی خۆیشی کە سیناتۆر بووە، زۆر پشتیوانی مافەکانی خەڵکی کوردستان بووە و چەندین بەرپرسی دیکەیش لە شوێنە گرنگەکانی ئەم ئیدارەیەدا هەن، کە دیسان ئەوانیش دۆستی نزیکی ئێمەن، ئێمە هەمووکات ئامادەین بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیر و بۆچوونەکانمان لەگەڵیان، بەڵام هەمیشەش هەوڵی ئەوەمان داوە کە ئێمە هۆکاری خێر بین و هەرچی بتوانین لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەدا بێت، بەتایبەتی خەڵکی کوردستان، ئێمە جەختمان لەو خاڵانە کردووەتەوە.
پرسیار: پێشتر جەنابت ئاماژەت بە سووریا کرد، سووریا گۆڕانکاریی گەورەی تێدا روودەدات. تاوەکو چەند ترست هەیە لە دروستبوونی کێشەیەکی دیکەی ئەمنی، وەکو داعش یان کێشەیەکی هاتن و راکردنی خەڵک؟ هەروەها ئەزموونی هەرێمی کوردستان تاوەکو چەند وانەیەکی باشە بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان؟
مەسرور بارزانی: دەکرێ خوشک و براکانمان لە سووریا سوود لەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان وەربگرن، کە بێگومان ئەزموونێکی دەوڵەمەندە، ئێمە خۆشی و ناخۆشیی زۆرمان بینیوە، دەکرێ سوود لە کارە باشەکانمان وەربگرن و کارە هەڵەکانیشمان دووبارە نەکەنەوە، ئەمە پێموایە باشترین ئامۆژگارییە بۆ خوشک و براکانمان لە سووریا. ئەوەی کە گرنگە بەلای ئێمەوە ئەمەیە، کە ئەوان یەکگرتوو بن و تاوەکو ریزەکانی کورد لە سووریا یەکگرتوو بن، ئەوان دەتوانن زیاتر داکۆکی لە مافە رەواکانی خۆیان بکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق بگەنە رێککەوتنێک، کە هەموو مافەکان کە خۆیان تەمەنای دەکەن و خۆیان مەبەستیانە، بەدەستبهێنن. بەڵام هەر وەک جەنابیشت باست کرد، سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوەییە، لەڕووی جوگرافی و نەتەوەییشەوە جیاوازییەکی زۆری تێدایە، لەلایەکەوە ئێمە دەبینین لە ناوچە کوردستانییەکان کوردی زۆری لێیە، لایەنەکانی دیکەی کە نزیکن و هاوپەیمانن لە تورکیا لە باکووری رۆژئاوای سووریا دیسان لەوێ باڵادەستن، عەلەوییەکان لە ناوچە کەناراوەکان و درووز لە باشووری سووریا هەن و تەنانەت لە پێکهاتە عەشیرەییەکانی عەرەبیش کە لە سووریا هەن، هەموویان یەک بیروبۆچوونیان نییە، دەسەڵاتێکی نوێش ئێستا لە خودی دیمەشق هەیە، بەڵام جگە لەمە شوێنێکی دیکە هەیە، کە ناوچەیەکی بەرفراوانە و تاوەکو رادەیەکی زۆر دەسەڵاتێکی زۆر بەهێز نەیتوانیوە خۆی بچەسبێنێت و هەموو ناوچەکانی سووریا لەژێر کۆنترۆڵی خۆی بگرێت، کەواتە نازانم بۆ ئەوانەی کە شارەزای جوگرافیای سووریان، بەتایبەتی لە ناوچەی دیرەزوور تاوەکو (تەدموڕ) و دێتەوە، ئەو شوێنە شوێنێکی زۆر بەرفراوانە کە بینیمان تاوەکو رادەیەکی زۆر چالاکییەکانی داعش لەوێ هێشتا بەردەوامن، بەپێی ئەو راپۆرتە و زانیارییانەی کە بە ئێمە دەگات، تەنانەت چالاکییان زیاتریش بووە و لە چەندین شوێنیش کەمپی ئەو داعشانە هەیە کە پێشتر دەستگیرکران و لەوێن، ئەمانەش هەموویان جێگەی مەترسین.
بێگومان لە هەر شوێنێک کە ئاسایش و سەقامگیری نەبێت و ئابوورییەکی باش کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی خزمەتگوزاریی خەڵک بێت، رێگە بۆ سەرهەڵدانی تووندوتیژی زیاترە. من بە حوکمی ئەو ئەزموونەی کە ئێمە هەمانبووە لە ناوچەکانی خۆشمان بینیومانە، ئەو ناوچانەی کە باری ئابووریان باشترە، سەقامگیریی سیاسیان تێدا باشترە و ئاسایشیش تێیاندا باشترە. کەواتە ئەم شتانە پێکەوە بەستراونەتەوە. ئێستا سووریا لە دۆخێکی زۆر هەستیار دایە، دوای چەندین ساڵ شەڕ و پێکدادان، دۆخێکی ئابووریی نالەباری هەیە، پێویستییان بە یارمەتیی نێودەوڵەتی هەیە و تاوەکو رادەیەکی زۆر دەرفەتێکی باشە بە یارمەتیی نێودەوڵەتی لەگەڵ خواستی حکومەتێکی فرەچەشن، واتا هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن، ئێستا لەبارە.
پێموایە دەکرێ سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت و یارمەتییەکانی کە بۆ سووریا ئامادەن، پێشکێش بکرێن، لەگەڵ ئەو بۆچوونانەی کە هەموو لایەک تێیدا سوودمەند بن و هیچ لایەنێکیان پەراوێز نەخرێن، دەرفەتێکی باشە کە بتوانن جەختی لێبکەنەوە. خوشک و برا کوردەکانیشمان دەتوانن لەسەر ئەو خاڵە بێگومان کار بکەن و ببنە بەشێک لە بنیاتنانی سووریایەکی دیموکرات کە هەموو لەیەک تێیدا خۆی ببینێتەوە و بەرژوەندیی هەموو لایەک تێیدا پارێزراو بێت.
پرسیار: ئەگەر روو بکەنە بەرپرسانی سووریا، پێویستە ئەوان چی بکەن و چی نەکەن؟
مەسرور بارزانی: من پێموایە نیاز لە هەموو شتێک گرنگترە، ئەگەر نیازی پێکهاتن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەبێت، زۆر ئاسان دەکرێت فۆرموولەیەک بدۆزرێتەوە کە بتوانن پێکەوە بژین. فیدراڵی ئەگەر بڕوات پێی نەبێت، تەنانەت ئەگەر گەرەنتی و نووسراویش هەبێت، بەڵام دەکرێ پشتگوێ بخرێت، گرنگی پێنەدرێت، دەکرێ پێچوپەنای بۆ بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی جێبەجێ نەکرێت، بەڵام ئەگەر نیازی پاک هەبێت، هەر فۆرمووڵەیەک بێت کە پێکهاتەکانی سووریا لەسەری رێکبکەون، ئەگەر فیدراڵی سیستمێکە کە هەموو لایەنەکانی سووریا پێی رازی بن، پێموایە ئەمە دەکرێ ببێتە خاڵێکی کۆکەرەوە بۆ هەموو لایەک و حکومەتێکی باشتر پێکبێت. هیوادارم ئەو لایەنانەی کە دژی فیدراڵین، تۆزێک بۆچوونەکانی خۆیان بگۆڕن، چونکە فیدراڵی مەسەلەی لاوازکردنی دەسەڵاتی وڵاتێک نییە، بەڵکو دانپێدانانە بە جیاوازیی ئەو پێکهاتانەی کە هەن و پێکەوە دەیانەوێت لە وڵاتێکدا هەریەکە تەواوکەری لایەنەکەی دیکە بێت. ئەم جۆرە بۆچوونە کە فیدراڵی بە هێز و توانا بۆ وڵاتەکە ببینێت، پێموایە دەکرێ زۆر زۆر کاریگەر بێت، لەوەی کە لایەنەکان لە یەکدی نزیک بکاتەوە، بەڵام ئەگەر بۆچوونی جیاواز هەبێت، فیدراڵی بە جیابوونەوە لێکبدرێتەوە، بێگومان کەواتە نیازەکە بۆ ئەوە نییە کە پێکبێن، بۆیە پێموایە ئەو ئەزموونەی ئێمە لە عێراق هەمانە، دەکرێ بەشێک بێت لەو ئەزموونەی کە خۆیان دەیانەوێت سوودی لێوەربگرن و هیوادارم تێیدا سەرکەوتوو بن.
پرسیار: لەبارەی باکووری کوردستان؛ پڕۆسەیەکی ئاشتی دەستیپێکردووە، بۆچوونی ئێوە چییە؟ تاوەکو چەند دەکرێ ئاشتییەک دروست ببێت بە جۆرێک کە مافی کورد لە تورکیا پارێزراو بێت؟
مەسرور بارزانی: پێشتریش چەندین جار هەوڵدراوە ئاشتی ببێتە جێگرەوەی شەڕ و پێکدادان، بەڵام ئاشتی بە تەنیا بە لایەنێک ناکرێ، دەبێ هەر لایەنێک کە بەشێک لە کێشەکەیە ئامادە بێت و چارەسەری ئاشتییانە بکات. ئەم جارە کە دەبینین لە تورکیا گۆڕانکاری لە بۆچوونی لایەنە تووندڕۆکاندا هەیە، لایەنی تووندڕۆ باسی ئاشتی دەکات و لایەنەکان باسی لێکنزیکبوونەوە دەکەن، کەواتە ئەمە پێموایە جیاوازییەکەی ئەم سەردەمەیە لەگەڵ کاتەکانی پێشووتر. نامەی بەڕێز ئۆجەلانیش کە داوا دەکات بەرەو ئاشتی بڕۆن، هەروەها لە لایەکی دیکەوە لایەنی حیزبی ناسیۆنالیستیی تورکی دەبینین کە دیسان باسی چارەسەری ئاشتییانە دەکەنەوە، دەسەڵاتیش خۆیان پێیانوایە چارەسەری ئاشتییانە باشترین رێگەیە بۆ بەرەوپێشچوون، پێموایە ئەمە هەمووی گۆڕانکاریی ئەرێنی و باشن و دەکرێ کاریگەریش بن؛ بەڵام دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، بێگومان لەوانەیە لایەنی دیکەیش هەبن، کە بەرژەوەندییان لە سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیەدا نەبێت، دەبێت ئیرادەی ئاشتی و ئیرادەی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی بەهێزتر بێت، لە ئیرادەی ئەوانەی کە دەیانەوێت رێگری بکەن. هیوادارم ئەو ئیرادەیەش سەربکەوێت و ئاشتی جێگرەوەی شەڕ و ئاژاوە بێت.
پرسیار: بچینە ئێران؟
مەسرور بارزانی: مەیلی جەنابتە.
پرسیار: زۆر سوپاس. ئێران لەلایەک لاواز بووە، ئەسەد کە هاوپەیمانی بوو لە دەسەڵاتدا نەماوە، حیزبوڵڵا لە لوبنان لاواز بووە، بۆ یەکەم جار ئیسرائیل و ئێران راستەوخۆ دژ بە یەکدی شەڕیان کرد، ئێستاش ئیدارەی ترەمپ بە دوو پێوەری جیاواز لەگەڵ ئێران مامەڵە دەکات، لەلایەک دانوستاندن و لەلایەکیشەوە هەڕەشە. لەم نێوانەدا سەرەتا دۆخی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن و لە هەمانکاتیشدا کوردی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دۆخیان چۆن دەبێت؟
مەسرور بارزانی: ئەوەی جەنابت دەڵێیت پێموایە پرسیارەکە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە لە کێ دەپرسیت، ئێران لاواز بووە بەرامبەر بە کێ لاواز بووە، بەرامبەر بە ئەکتەرەکانی ناوچەکە پێموانییە ئێران وڵاتێکی لاواز بێت، ئێران هێشتاش کاریگەری زۆرە و ئێران لەلایەکی دیکەوە دراوسێی ئێمەیە و لە زۆر قۆناخیشدا هاوکاری ئێمە بووە و پەیوەندییەکی دۆستانەشمان لەگەڵ ئێران هەبووە بەردەوام. لەهەمانکاتدا ئێمە دۆستایەتییەکی زۆر نزیکیشمنان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، ئەمریکا هەمیشە پاڵپشت و یارمەتیدەری ئێمە بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان، دژایەتیکردنی تیرۆر، لە زۆر رووەوە ئێمە سوپاسی ئەمریکاش دەکەین کە هاوپەیمان و دۆستی نزیکی خەڵکی ئێمە بووە، وەکو کورد و وەکو عێراقیش بە شێوەیەکی گشتی.
کەواتە بە هیچ جۆرێک پێویست ناکات کورد خۆی لە شوێنێکدا ببینێتەوە کە خۆی ساخ بکاتەوە لەملایە، یان لەولا. ئێمە دەکرێ رێز لە پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ئێران بگرین، رێز لە پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ئەمریکاش بگرین و دەکرێ ئێمە ببینە هۆکارێکی باشیش بۆ نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان بۆ باشترکردنی باری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەش. کەواتە بە هیچ جۆرێک لە بەرژەوەندیی کورددا نییە ببێتە بەشێک لە کێشەکە، بەڵکو دەکرێ وەکو بەشێکی کاریگەریش بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەمە بۆ کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ئێران بە هەمانشێوە و لە هەموو ناوچەکەکانی دیکەیش بە هەمانشێوە.
پرسیار: بێینە سەر باسی هەولێر و بەغدا، کەی چارەسەری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت؟
مەسرور بارزانی: ئێوە دایبنێن بە زووترین کات چارەسەر بکرێت. جارێ ئەگەر جەنابت روخسەت بدەیت تۆزێک باسی رابردووی ئەم کێشەیە بکەین، لە سەرەتاوە هەرێمی کوردستان کە دەستی بە هەناردەکردنی نەوت کرد، دوای ئەوە بوو کە بودجەکەی بڕدرا، واتا بڕیارێکی تاکلایەنە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بوو کە بودجەی راگرت، ئینجا هەرێمی کوردستان دەستی بە هەناردەکردنی نەوت کرد.
چوار ساڵی زۆر زۆر ناخۆش بەتایبەتی لە شەڕی دژی داعش لە وەرگرتنی هەزاران ئاوارە و ئەو خەڵکانەی کە لە شوێنەکانی دیکەی عێراق روویان لە کوردستان کرد بەبێ بودجە، کارێکی سەخت بوو. مرۆڤ دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە کابینەکانی پێشووتر دەبووایە ئیدارەی ئەم دۆخە بدەن، بەم جۆرە کە بەداخەوە بوو بە بابەتێکیش کە قەرزێکی زۆر کەوتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام لە چییەوە دەستیپێکرد، لە راگرتنی بودجەی هەرێمی کوردستان دەستپێکرا. دوای ئەوە کێشەی یاسایی کە سکاڵا و سکاڵاکاری کرا بەتایبەتی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە سکاڵا لە حکومەتی تورکیا کرا لە پاریس کە ئەو نەوتە دەبێ رابگیرێت، کە لە ساڵی 2023 لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.
لەو سەردەمە تاوەکو ئێستا وەکو هەرێمی کوردستان زیاتر لە 23 ملیار دۆلار ئێمە زیانمان بەرکەوتووە و بە هیچ جۆرێکیش ئەم زیانە قەرەبوو نەکراوەتەوە، تاوەکو کەسێک بڵێت هەرێمی کوردستان تێیدا سوودمەندە.
عێراق زەرەری کردووە، هەرێمی کوردستان و تورکیاش، کەسێک نابینم سوودمەند بێت لە راگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوت. بەم دواییانە چەندین دیدار و کۆبوونەوەی زۆر چڕ کران لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ نووسینگەی بەڕێز سەرۆکوەزیران و ئێمەش زۆر بە راشکاوی هەرچی لەدەستمان هاتووە و ئەوەی پێشمان کراوە، کردوومانە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی هاوبەش کە نەوتی هەرێمی کوردستان بە رێگەی تورکیادا جارێکی دیکە هەناردە بکرێت و لایەنی فرۆشتنی نەوتیش سۆمۆ بێت کە لایەنی پێشنیازکراوی حکومەتی فیدراڵی بووە. لەسەر ئەو شتانە ئێمە رێککەوتووین، ئێستا ئەو خاڵانەی کە ماون، رەزامەندیی کۆمپانیاکانە. ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کە تاوەکو ئێستا هاتوون و لە کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە.
کەواتە جۆری کۆنتراکتەکان (گرێبەست) جۆری کارکردنی کۆمپانیاکانی نەوت لە کوردستان جیاوازە لە جۆری کارکردنیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق. رێزگرتن لەو کۆنتراکتانە بەشێکی سەرەکییە کە ئەم کۆمپانیانە داوای دەکەن هەرچەندە دوو جاریش لە دادگەی عێراق سکاڵا کرا هەردوو جار لە بەرژەوەندیی کۆنتراکتەکان دادگە بڕیاری دا؛ کەواتە دانیان بە کۆنتراکتەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکاندا ناوە، پێویست ناکات چیدی لەسەر ئەم بابەتە کێشە دروست بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە ئەم کۆمپانیایانە داوای گەرەنتی دەکەن، چونکە بەشێک لە کێشەکە دەستنیشانکردنی تێچووی بەرهەمهێنانە کە پێویستە ئەم تێچووەیان بۆ دابین بکرێت، بەبێ ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئێمەوە هەناردە بکرێت. کەواتە ئەگەر سۆمۆ هەناردەی بکات، دەبێت ئەو میکانیزمە بدۆزرێتەوە کە چۆن بەشەکەی ئەوان دەدرێت، لەسەر ئەمەش رێککەوتن کراوە. لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ئەم رێککەوتنە کراوە کە ژمارەیەک تەرخان کراوە تاوەکو ماوەیەک لایەنی سێیەم دێت و ئەو لایەنە سێیەمە خوێندنەوەیەکی تەواوی بابەتەکە بکات و تێچووی راستەقینە دەربهێنێت، لەسەر ئەوە رێککەوتن کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، چونکە ئەو گەرەنتییانەی کە کۆمپانیاکان داوای دەکەن، پێموایە دەبێت ئەم خاڵەش کۆتایی پێبێت، بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت کە پێموایە لە بەرژەوەندیی هەردوو لاماندا دەبێت.
لە دوایین دیداری منیش کە لەگەڵ بەڕێز جەنابی سەرۆکوەزیران، لەسەر ئەوە رێککەوتین کە تیمەکانی تەکنیکیی ئێمە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ بەغدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی گفتوگۆ بکرێت لەسەر بابەتە تەکنیکییەکان، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی کە ماون چارەسەر بکرێن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت.
پرسیار: ئەم وردەکارییانەی جەنابت باست کرد شتی یاسایی، تەکنیکی و هونەرین. کێشەی سیاسی نین. بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بە هەمانشێوە گوتی بۆ یەکەم جارە کە دانوستاندنەکان دانوستاندنی تەکنیکی و یاسایی بن. جەنابت پێشتر باسی نیازت کرد و گوتت نیاز گرنگە. هەست بە نیازێک دەکەیت کە بۆ چارەسەرکردن هەبێت؟
مەسرور بارزانی: بێگومان کێشەکە پێش هەموو شتێک سیاسییە، ئینجا تەکنیکی و یاساییە، بەڵام ئەگەر نیازی سیاسی هەبێت دێیتە سەر ئەم کێشە یاسایی و تەکنیکییە، کە ئێستا ئێمە هەردوولامان خەریکین، کەواتە نیازێکی سیاسی هەیە بۆ چارەسەرکردن، بۆیە باسی کێشە تەکنیکی و یاساییەکان دەکەین.
پرسیار: با بێینەوە نێو ماڵی کوردی. هەڵبژاردن کرا پیرۆزبایی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی کرا کە هەڵبژاردنێکی چاکمان هەبوو، بەڵام تائێستا حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە. جەنابت چەندین جار هاتوویتە سلێمانی، کاک بافڵ و بەڕێزانی ئێرەت بینیوە، کاک بافڵ چەند جار هاتووەتە هەولێر. حکومەت کەی پێکدەهێنرێت؟
مەسرور بارزانی: شکور بۆ خودا ئێستا گفتوگۆ بەردەوامە و وردەکاریی زۆر هەیە ئەوەی تیمەکانی ئێمە بەشێکیان لێرە دانیشتوون، بەردەوامن لەوەی بگەنە خاڵی هاوبەش، بەتایبەتی لەسەر ئەجێندای حوکمڕانی، کە بابەتی هەرە گرنگە. پێموایە قۆناخێکی زۆرباشیان تێپەڕاندووە و گەیشتوونەتە خاڵە کۆتاییەکان کە ئینشائەڵڵا ئەوەش لە ماوەیەکی زوو ئەجێندای هاوبەشی حکومەت تەواو بکرێت ئیدی دەمێنێتەوە سەر بابەتی پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی کابینەکە کە هیوادارم دیسان هەموو لایەک پەلە بکەن لە پێکهێنانی ئەو حکومەتە، بێگومان خۆم یەکێکم لەو کەسانەی پێموایە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە هەرچی زووە ئەو حکومەتە پێکبهێنرێت.
گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکەوە ئەوە دەخوازن ئێمە لە کوردستان یەکهەڵوێست بین، پێگەیەکی بەهێزمان هەبێت، حکومەتێکی باش و رێکمان هەبێت و پەرلەمانمان کارا بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین رووبەڕووی ئاڵەنگارییەکانی ناوچەکە ببینەوە و خۆشمان ئامادە بکەین بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتوو.
پرسیار: ترسێک هەیە لە دوو ئیدارەیی و پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی جارێکی دیکە تێکبچنەوە؟ پێتوایە حکومەتی داهاتوو بتوانێت کێشەکانی خەڵک و ترسی لە دوو ئیدارەیی چارەسەر بکات؟
مەسرور بارزانی: پێویستە. خۆ حکومەت ئامڕازێکە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندایەک کە خزمەتی هاووڵاتی بکات، ئەگەر نا حکومەت کاری چییە؟ ئەو شتەی بۆ خەڵک گرنگە کە چۆن ئێمە بتوانین خزمەتیان بکەین لە هەموو روویەکەوە ژیانیان ئاسانتر بکەین. جەنابت باسی مووچەت کرد، راستییەکەی زۆر ناخۆشە کە بابەتی مووچە ببێتە هەواڵی مانگانە و وڵاتێکی وەکو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە نەدەبووایە ئەمە هەر بابەت بێت، ئەمە مافێکی سروشتیی هەر هاووڵاتییەکە، هەر فەرمانبەرێکە، هەر مووچەخۆرێکە کە پێویستە لە کاتی خۆیدا مووچەکەی خۆی وەربگرێت، بەڵام لێرەدا کێشەیەک لە سیستەمەکەدا هەیە.
عێراق خۆی ئابوورییەکی هەیە کە لەسەر بنەمای پارەی کاش دروستکراوە و ئەو وڵاتانەی کە پارەی کاش بنەمای ئابوورییانە، ناتوانن وەکو پێویست لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی یان بە خێرایی پێشبکەون. کەواتە سنووردارییەک هەیە کە ئەم ئابوورییە پێشنەکەوێت. ئەوەی ئێمە هەوڵمان دا لە کوردستان بیکەین، گرنگی بە بەدامەزراوەییکردنی ئابووریی خۆمان بدەین، ئیتر سیستمی بانکییە، بابەتی پێدانی مووچەیە یان گەڕاندنەوەی دەسەڵاتە بۆ هاووڵاتی کە هاووڵاتی خۆی خاوەنی هەژماری بانکیی خۆی بێت و دوور بێت لە میزاجی کەسی، یان لە ململانێی سیاسی یان لە بەشداریکردنی حیزبەکان لە رێگریکردن، یان بە هەر جۆرێک بێت کە تێکەڵ ببن لە بابەتی ئابووری وڵاتەکە؛ کەواتە حکومەت دەبێت تەنیا لایەن بێت کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ بابەتی مووچەی هاووڵاتییان بکات. ئێمە بەرنامەیەکمان دانا کە بەداخەوە پشتگیرییەکی زۆری سیاسی لێنەکەوتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆچوونی جیاوازی بۆ دروست بوو، بەڵام من دەتوانم بە راشکاوی و زۆر زۆریش بە دڵنیاییەوە بڵێم ئەو کەسانەی کە بەشدار بوون لە پرۆژەکە، خۆیان باشترین وەڵامیان هەیە، چونکە بەپێی ئەو سەرژمێریانەی کراون، سەرووی 95٪ـی ئەو کەسانەی کە بەشدارن لەم پرۆژەکە، رەزامەندن لە جۆری ئەم پرۆژەیەی کە ئێمە دەستمان پێکردووە و ئەو چاکسازییانەی کە کردوومانن.
یەکێک لەو شتانە بابەتی ''هەژماری من''ـە کە من دەمەوێت زۆر بە راشکاوی باسی بکەم، بەداخەوە هیچ پاساوێک نییە کە هەژماری من بەردەوام نەبێت، چونکە ئەم هەژماری منە بە پێچەوانەی ئەوەی کە بە هەڵە پڕوپاگاندەی بۆ کرا، پرۆژەیەکە تەنیا لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیدایە. هاووڵاتی دەبێت بە خاوەنی هەژماری بانکیی خۆی و هاووڵاتی دەسەڵاتی ئابووریی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە، حکومەت مووچەکەی پێدەدا و ئەمە تەنیا بەشێکە لە باشیی ئەم پرۆژەیە، بەشەکەی دیکەی دروستکردنی ژێرخانێکی ئابوورییە کە وڵاتی ئێمە لە سیاسەتی کاش بگوازرێتەوە بۆ سیاسەتی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوە ئابوورییەکانی ئێمە؛ کەواتە هاووڵاتی دەتوانێت قەرز لە بانک وەربگرێت، بۆ شەفافییەت باشترە لە هەموو رێیەکەوە و پێویستیش ناکات هەموو هەمیشە ئەگەر لەسەر ئەوە بکرێت سیولەی بانکی نییە یان پارە نییە، لەبەر ئەوە ئێمە ناتوانین مووچە بدەین، بە سیستمێکی دیجیتاڵی هەمیشە مووچە لە کاتی خۆیدا دەدرێت و ئەو کەسانەش کە بەشدار بوون لە پرۆژەکە زۆر زۆر رەزامەندن تەنیا ئەوانە نەبن کە لەوانەیە زۆر شارەزای بەرنامەکە نەبن، واتا لەڕووی تەکنەلۆژیاوە شارەزاییەکی ئەوتۆیان نەبێت، لەوانەیە هەندێک گرفتی زۆر زۆر بچووک هەبێت کە دەتوانم بڵێم تەنیا 1٪ـی بابەتەکان بوون تاوەکو ئێستا.
من ناڵێم هەموو کەسێک پشتیوانیی پڕۆژەی هەژماری من بکات، بەڵام بێگومان هیچ لایەنێکیش نابێت بۆی هەبێت کە رێگری لە بەرنامەی حکومەت بکات کە ئەم پرۆژەیە بەردەوام نەبێت. لەسەر ئاستی هەموو کوردستان هیوادارم ئەمە بەردەوام بێت و بتوانین پێکەوە خزمەتی هەموو هاووڵاتیی کوردستان بکەین. ئەمە بەشێکیەتی و دەتوانم زۆر بە دڵنیاییشەوە بڵێم کە ئێمە توانیومانە زۆر زۆر سەرکەوتووانە پرۆژەکە جێبەجێ بکەین و ئەنجامەکان خۆیان وەڵامدەرەوەی هەموو پڕوپاگاندایەکی نەرێنین. لە لایەکی دیکەوە بەرنامەی رووناکی کە بەشێک بووە لە چاکسازیی ئێمە، ئەویش بابەتی بە 24 کاژێریکردنی کارەبای نیشتمانییە. دیسان هەر بۆ مەرامی سیاسی پڕوپاگەندەیەکی زۆر نەرێنی بەرامبەر پرۆژەکە کرا کە ئەویش راست نییە، بە حیساب پارەیەکی زیاتر دەدرێت، من حەز دەکەم تۆزێک روخسەتم هەبێت باسی بکەم، چونکە بە هیچ جۆرێک پارە لەسەر هاووڵاتی زیاد ناکرێت، جارێ 80٪ـی ئەو کەسانەی کە بەشدارن لە پرۆژەی رووناکی پارە کەمتر دەدەن لە جاران. تەنیا ئەو 20٪ـەی کە گلەیی دەکەن و دەڵێن پارە زیاتر دەدەن، ئەوانیش خۆیان بەرپرسن، چونکە کارەبای زۆر زۆر بەکاردەهێنن و نایانەوێت پارەی بەرامبەر ئەو بەکارهێنانەی کە دەیکەن بیدەن، ئەوە ناکرێت.
دادپەروەری لەو پرۆژەیەدا هەیە، کەواتە تۆ کەم بەکاریبهێنیت کەم پارە دەدەیت، زۆر بەکاریبهێنیت، دەبێت بەرپرسیار بیت بەرامبەر بەو کردەوەیەی خۆت. کەواتە ئەمە بەشێکە لە پرۆژەیەکی زۆر زۆر گرنگ کە 30 ساڵە بە دەستییەوە دەناڵێنین و هیوادارم بتوانین لە کاتێکی زۆر نزیک موژدەی زۆر خۆش بە هەموو خەڵکی کوردستان بدەین، ئێستا گرنگی بە ناوەندی شارەکان دەدرێت، بە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و شارەکانی دیکەش دەکەونە ناو ئەم پرۆژەیە کە هەموو ئەو شارانە دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری.
هاووڵاتی تەماشای ئەو بەشەی دەکرد کە حکومەت بۆی دابین دەکات، کەواتە ئەو بڕە پارەی بە حکومەت دەیدا یان نەیدەدا، تەنیا ئەمەی لەسەر خۆی بە تێچوو هەژمار دەکرد، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی کە بە موەلیدەکانی دەدا، ئەمەی هەژمار نەدەکرد، ئێستا کە حکومەت لەبری موەلیدەکان کارەبای 24 کاژێری دەدات، دەبێت هاووڵاتی بەشی ئەو بڕە پارەیەش هەر بە حکومەت بداتەوە، بەڵام کە کۆی دەکەیتەوە، من نامەوێت بچمە نێو زۆر وردەکاری، کە کۆی دەکەیتەوە، کۆی گشتیی خەرجی کارەبا لەسەر هاووڵاتیی ئاسایی زۆر زۆر کەمتر دەبێت، بەڵام ئەوەی خۆی ویستی هەبێت کارەبا زۆر بەکاربهێنێت، دەبێت بەرگەی بەرپرسیارێتیی کردەوەکەی خۆیشی بگرێت، ئەگەر نا بە هیچ جۆرێک حکومەت نە پارەی زیادکردووە، نە مەبەستیەتی پارە زۆر بکات، بە هەموو جۆرێک مەبەستی حکومەت ئەوەیە کارەبای 24 کاژێریی نیشتمانی بە نرخێکی گونجاو و هەرزانتر لە جاران بۆ هاووڵاتی دابین بکات. ئەمەش تەنیا بەڵێنێ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ