گالەری


رووداو دیجیتاڵ 

رێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی لە پەرستگەی لالش بەڕێوەچوو، ئەم ساڵ جگە لە ئێزدییان، ژمارەیەکی زۆر گەشتیاریش بەشدارییان تێدا کرد. 
 
جەژنی سەری ساڵی ئێزدی، یەکێک لەو بۆنانەیە کە ساڵانە کوردانی ئێزدی لە سێیەمین چوارشەممەی مانگی نیسان (بە رۆژژمێری زایینی، یەکەم رۆژی مانگی نیسان بە رۆژژمێری هەتاوی) تێیدا ئاهەنگ دەگێڕن. لەو رۆژەدا ئێزدییەکان لە ناوچە جیاجیاکانەوە سەردانی مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانیان دەکەن. 
    
دوای تەواوبوونی رێوڕەسمە ئایینییەکان لەو جەژنەدا، خەڵک دەچنەوە ماڵەکانیان، پاشان بۆ پیرۆزکردنی ئەو جەژنە سەردانی یەکدیی دەکەن و خواردنی تایبەت دروست دەکرێت. ئێزدییەکان لەو رۆژەدا گوڵ لەسەر سەریان دادەنێن.
 
نەریتێکی دیکە ئەوەیە لەم جەژنەدا، کوردانی ئێزدی هێلکە رەنگ دەکەن و کچ و کوڕ دەچنە دەشت و دەر و گوڵی نیسان دەکەن و لە یەخەی یەکدی دەدەن. دوای رەنگکردنی هێلکەکان، پیاوەکان توێکڵی هێلکەکان دەخەنە نێو زەوییەکانیان بۆ ئەوەی بە بڕوای خۆیان "بەرەکەت" بکەوێتە رزق و رۆزییان.
 
چەندین چیرۆک لەسەر جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی هەن، لەم جەژنەدا 366 چرا هەڵدەکرێن، وەکو ئەوەی کە ساڵنامەی رۆژهەڵاتی کوردانی ئێزدییە 366 رۆژە.