گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

موسڵمانانی شاری هەولێر وەکو هەموو شارێکی دیکەی موسڵماننشینی جیهان لە مانگی رەمەزان دا بۆ نوێژی تەراویح بە کۆمەڵ روو لە مزگەوتەکان دەکەن. 
 
ئەم وێنانە نوێژی تەراویح لە مزگەوتی سەید بەهادین سەید محەممەد لە گەڕەکی تەیراوەی هەولێر پێشاندەدەن لە شەشەم رۆژی مانگی رەمەزان.
 
رۆژی دووشەممە، 11ی ئادار یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بوو. 
 
هەرچەندە هیچ ئامارێکی تازەی سەرژمێریی ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان نییە، زۆرینەی رەهای دانیشتووانەکەی موسڵمانن و پابەندیی ئایینییان هەیە. 
 
لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزانیش، هاونیشتمانییان بە گوڕ و تینی زیاترەوە بۆ پەرستش روو لە مزگەوتەکان دەکەن. 
 
رۆژووگرتنی مانگی رەمەزان یەکێکە لە پێنج پایەی ئایینی ئیسلام؛ پایەکان بە ریزبەندی بریتین لە: شایەتوومان، نوێژ، زەکات، رۆژووی مانگی رەمەزان، و حەجکردن بۆ کەسێک لە توانایدا بێت.
 
تایبەتمەندییەکانی مانگی رەمەزان، خۆی لە رۆژووگرتن لە بانگی بەیانییەوە تاوەکو بانگی ئێوارە (مەغریب)، بەربانگ کردنەوە، تەراویح، بەرز راگرتنی شەوی قەدر و چەند پەرستشێکی دیکەدا دەبینێتەوە.