بەختیار ئەمین: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بێدەنگییەکەی خوێ بەسەر برینەکانماندا دەکات

16-03-2018
سەرباز سیامەند
د. بەختیار جەبار ئەمین، وەزیری پێشووی مافی مرۆڤی عێراق بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەشداری گەشتێکی هەواڵەکانی رووداوی کرد
د. بەختیار جەبار ئەمین، وەزیری پێشووی مافی مرۆڤی عێراق بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەشداری گەشتێکی هەواڵەکانی رووداوی کرد
نیشانەکردن هەڵەبجە عەفرین
A+ A-
رووداو- هەولێر

وەزیری پێشووی مافی مرۆڤی عێراق بە ئاماژەکردن بەوەی لە رابردوودا هەڵەبجە و بالیسان کیمیابارانکران، دوێنێ شنگال و ئێستاش عەفرین دەبێتە قوربانی، رایگەیاند: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بێدەنگییەکەی خوێی زیاتر بەسەر برینەکانماندا دەکات.

د. بەختیار جەبار ئەمین، وەزیری پێشووی مافی مرۆڤی عێراق، لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا لە عەممانی پایتەختی ئوردنەوە بە تۆڕی مدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ عەفرین و، دوێنێ شنگال و، پێرێش قەلاتان و قاڕنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و، هەڵەبجە و بالیسان و شێخ وەسانان لە باشوور، ئەمانە هەموویان رەمزی قوربانیدانی میللەتەکەمانن لە سەدەی رابردوو و سەرەتای ئەم سەدەیەدا".


بەختیار جەبار ئەمین کە لەدوای رووخاندنی رژێمی سەددام حوسێن لە ساڵی 2003دا یەکەمین وەزیری مافی مرۆڤی عێراق بوو و لەسەر پشکی کورد پۆستەکەی وەرگرت، راشیگەیاند: "بەداخەوە سەدەی رابردوو سەدەی جینۆساید و رەشەکوژی میللەتی کورد بوو. ناعەدالەتی مێژوویی بەرامبەر میللەتی کورد کراوە. دەیەی یەکەمی سەدەی 21 دەیەیەکی زۆر نامیهرەبان بوو بەرامبەر میللەتی کورد. دووفاقی و نیفاقی نێودەوڵەتی وەکو ئەمڕۆش لە عەفرین دەبینین هەر بەردەوامبووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەڵبژاردنی بێدەنگی بەرامبەر قوربانییانی میللەتەکەمان زوڵمێکی زۆرتریان لێمان کردووە و، زیاتر خوێیان بەسەر برینەکانماندا کردووە".




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە