کونسوڵی کوێت: لە وڵاتەکەمان یادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەینەوە

16-03-2017
فەرهاد دۆڵەمەری
عومەر کندەری: قوربانییەکانی کورد نیشانەی خەباتی گەلی کوردە بۆ ئامانجەکانی و پاراستنی بەهاکانی
عومەر کندەری: قوربانییەکانی کورد نیشانەی خەباتی گەلی کوردە بۆ ئامانجەکانی و پاراستنی بەهاکانی
نیشانەکردن هەڵەبجە
A+ A-

رووداو - هەولێر

کونسوڵی کوێت لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ رووداو دەڵێت، ئەو قوربانییانەی کورد لە رابردوودا داویەتی، نیشانەی خەباتی گەلی کوردە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی. دەشڵێت "لە کوێت یادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەنەوە و رێز لە قوربانییەکانی دەگرن".

عومەر کندەری، کونسوڵی کوێت لە هەرێمی کوردستان دەڵێت "بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە یادی ئەو کارەساتە دەکەینەوە، کە بەسەر برایانمان لە هەڵەبجە هات. ئەو کۆمەڵکوژی و کردەوانەی بەسەر ئەواندا هێندرا لەلایەن رژێمی بەعس ئیدانە و شەرمەزاری دەکەین. بەعس لەرابردوودا نەک بۆ عێراق بەڵکو بۆ وڵات کوێتیش بووە سەرچاوەی ناخۆشی و کارەسات. یادی قوربانیانی کیمیابارانەکە دەکەینەوە و رێز لە گیانی پاکیان دەگرین و سەبووریش بۆ کەسوکاری قوربانییان دەخوازین".

بە ئاماژەدان بە خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی، کونسوڵی کوێت لە هەرێمی کوردستان گوتی "ئەو قوربانییانەی کە گەلی کورد لە رابردوودا داویەتی نیشانەی خەباتی گەلی کوردە بۆ ئامانجەکانی و پاراستنی بەهاکانی. ئێمە لە دەوڵەتی کوێت یادی ئەو رۆژە دەکەینەوە و رێز لە گیانی قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەگرین، کە بەسەر خەڵکی هەڵەبجەدا هات".

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە