بەشەخۆراکی مانگی یەک دابەش دەکرێت

16-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەشەخۆراکی مانگی یەکی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت. بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر دەڵێت، هیچی تایبەت بە رەمەزان لەو بەشەخۆراکەدا دابەش ناکرێت.
 
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەفتەی داهاتوو هاوشێوەی مانگی رابردوو شەش مادە دابەش دەکرێت".
 
لە سلێمانیش بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە دەستپێبکات.
 
دابەشکردنی بەشەخۆراک لەم مانگەدا، دووەم بەشەخۆراکە لەمساڵدا دابەش بکرێت، بەڵام بەشەخۆراکی یەکەم، مانگی رابردوو لەسەر داتای مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەش کرا.
 
ئەوەی بڕیارە دابەش بکرێت بۆ یەک کەس ئەمانەن: یەک کیلۆ شەکر، سێ کیلۆ برنج، یەک لیتر زەیت، 400 گرام دۆشاوی تەماتە، نیو کیلۆ نیسک، نیو کیلۆ لەتکە نۆک و 9 کیلۆ ئارد.
 
"هیچ خۆراکێکی تایبەت بە رەمەزان نەنێردراوە"
 
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاندووە، بۆ مانگی رەمەزان چوار مادەی دیکە بۆ بەشەخۆراک زیاد دەکرێت، بەڵام بەرپرسانی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، هیچیان بۆ نەنێردراوە.
 
دلێر عەبدولواحید گوتی: "هیچ مادەیەکی تایبەت بە رەمەزانمان وەکو ساڵانی رابردوو بۆ نەنێردراوە، هاوکات هیچ زانیارییەکیشمان لە بەغداوە پێ نەدراوە، کە مادەکان چین و کەی دەنێردرێن".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەبارەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی تایبەت بە مانگی رەمەزان هیچ زانیارییەکمان پێنەگەیشتووە و تاوەکو ئێستا دیار نییە کە خۆراکی تایبەت بەو مانگە دەنێردرێت یان نا".
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسعود نزووری، خەڵکی گوندی نزووری سەر بە قەزای باتیفای ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ قسە بۆ غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو دەکات.

خەڵکی گوندە سنوورییەکانی زاخۆ بە چەکدانانی پەکەکە دڵخۆشن؛ 'باشترین بڕیار بوو'

هاونیشتمانییەکی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەڵێت، ''باشترین بڕیار بوو و لە بەرژەوەندیی هەموو کوردستاندایە''؛ گوتیشی، شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا زیاتر لە هەر شوێنێک زیانی بە زاخۆ گەیاندووە.