رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە، دەرگای زۆربەی قوتابخانەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی سنوورەکە داخراون و نوێنەرەکانیان دەڵێن، بەردەوام دەبن.
لە خوێندنی ساڵی 2024 – 2025، یەکەم جار لە 01-12-2024 بایکۆت لەو سنوورانە دەستیپێکرد و تەواوی مانگەکە بەردەوام بوو. دوای دابەشکردنی مووچەیەک، مامۆستایان بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم گەڕانەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنەوەی دەوام لە 26ـی مانگی 01ـی ئەمساڵ، بایکۆت دیسان دەستیپێکردەوە و بەردەوامە.
"بایکۆت بەردەوام دەبێت"
بە هەردوو قۆناخەکەی مانگرتنەوە، ئەمڕۆ جگە لە رۆژە پشووەکان، 52 رۆژە مانگرتن بەردەوامە.
عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 15-2-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بایکۆتمان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەوکاتەی داواکانمان جێبەجێ دەکرێن."
ئەو نوێنەرەی مامۆستایان ئاماژەی بەوەکرد، "قوتابخانەکان بە گشتی داخراون، چەند قوتابخانەیەک هەن قۆناخەکانی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی دەوام دەکەن و کارەکانیان نەوەستاوە، بەڵام قوتابخانە نییە بە تەواوی هەموو قۆناخەکانی دەوام بکەن".
هەروەها فەرهاد قادر، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنوورەکەمان بایکۆت لە زۆرینەی قوتابخانەکان بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە."
داواکاریی مامۆستایان چییە؟
لەنێو مامۆستایانی مانگرتووی دامەزراودا، مامۆستایانی گرێبەستیش لە سنوورەکە مانیان گرتووە. کارۆخ عەبدوڵڵا یەکێک لە نوێنەرەکانیان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمەش بەردەوامین لە مانگرتن، داواکاریی سەرەکیمان؛ دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردووە."
جیا لە مامۆستایانی گرێبەست، نوێنەرانی مامۆستایانی دامەزراو دەڵێن، داواکاریی سەرەکییان "دابەشکردنی مووچە 30 رۆژ جارێک، 'تەوتین' و گەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوەیە"، بەڵام جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش پێیوایە، کۆی مامۆستایان بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 دەگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ناڕەزایی مامۆستایان لە زۆرینەی قوتابخانەکان بەردەوامە. پێموابێت مووچەی مانگی 12 دابەش بکرێت، دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان."
مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ دابەشکراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە، بۆ ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق بە نەناردنی پارەی بۆ مووچەی ئەو مانگە تۆمەتبار دەکات.
بایکۆت و مانگرتن پەیوەندییان بە یەکەوە نییە
لە 28-01-2025ـەوە 13 مامۆستا و فەرمانبەر لە سلێمانی بۆ داواکانیان کە دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆی و بەجێکردنی مووچە بوو، مانگرتنیان لە خواردن راگەیاند و لە رۆژی 15ـەیەمدا رۆژدا چالاکییەکەیان هەڵپەسارد.
عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، بایکۆتی ئەوان بەردەوام دەبێت و جیاوازە لە مانگرتن کە کۆتایی هاتووە.
لە هەولێر و دهۆک دەوام ئاساییە
لە سنووری پارێزگەکانی هەولێر و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران، دەوامکردن ئاساییە.
نەوزاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەروەردەی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە کە دەوام دەستیپێکردووە تاوەکو ئەمڕۆ، هیچ مانگرتنێک نەبووە و دەوام ئاساییە."
ساڵی 2023 لەگەڵ دەستپێکی خوێندندا لە 13ـی ئەیلوول، لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی 2024 درێژەی کێشا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ