شارەوانیی هەڵەبجە: پار بایی زیاتر لە چوار ملیار دینار پڕۆژەمان تەواوکردن

17-01-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، ساڵی 2024 بەبەهای نزیکەی چوار ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری تەواوکراون و چەندین پڕۆژەی دیکەیان لە قۆناخی جێبەجێکردندان، دەشڵێت، سێ پڕۆژەی پترۆدۆلار وەگەڕخراونەتەوە، کە بەهاکەیان 16 ملیۆن دۆلارە.

ئەندازیار سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە لە پۆدکاستی مژاری رادیۆی رووداو باسی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و گرفتەکانی سنووری هەڵەبجەیان کرد و گوتی، ساڵی 2024 بۆ هەڵەبجە ساڵی پڕۆژەکان بووە، ئەگەر ئەم ساڵیش بەم شێوازە بتوانن بەردەوام بن دەبێتە ساڵی زێڕینی پڕۆژەکانیان.
 
سەلام بیلال گوتی: "ئەو پرۆژانەی  پار جێبەجێکران دوو بەشبوون، بەشێکیان کۆن بوون و لەو ساڵەدا تەواو کراون، کە تێچووەکەیان دوو ملیار و 700 ملیۆن دینار بوو وەکو؛ رێگەسازی نەخۆشخانەی منداڵان تاوەکو پزیشکی دادی هەڵەبجە و نۆژەنکردنەوەی شەقامی پەروەردە تاوەکو قوتابخانەی باڵامبۆ.
 
سەبارەت بە بەشی دووەمی پڕۆژەکان، سەلام بیلال گوتی، چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری بوون و لەساڵی 2024دا جێبەجێکراون و تەواو بوون، بەهاکەیان 830 ملیۆن دینار بوو، وەکو؛ دروستکردنی ئاوەڕۆی کۆڵانەکان، رێگەسازی گەڕەکی ئەندازیاران، پڕۆژەی باراناو و ئاوەڕۆ لەگەڵ تێکەڵەرێژ و دروستکردنی باخچەیەک بە گوژمەی 330 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی شارەوانی.
 
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوژمەی نزیکەی 500 ملیۆن دینار کاری قیرتاوکردنی شەقامەکانی ناوشار و سەوزکردنی دوورگەی نێوەڕاستی شەقامەکانیان لەسەر بودجەی تایبەت جێبەجێ کردووە.
 
لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش ئەو پرۆژانەی لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارەکان هەبوون و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بوو کە بە پترۆدۆلار ناسراون، گرفتی داراییان بۆ دروستبوو و راگیران.
 
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە گوتی، چوار پڕۆژەمان هەن پڕۆژەی خزمەتگوزارین لەسەر بودجەی پترۆدۆلار و بەهاکەیان زیاتر لە 16 ملیۆن دۆلارە، ئێستا گواستراونەتەوە سەر وەبەرهێنانی شارەوانی و دەستیانپێکردووەتەوە، لەوانە؛ خزمەتگوزاری گەڕەکی سەراو، بەشێک لە گەڕەکی شەهیدان، دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی بۆ ناو هەڵەبجەی شەهید، تەواوکاری خزمەتگوزاری گەڕەکی زەمەقی و گەڕەکێکی دیکەی شارەکە، لەگەڵ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە 361 خانووی واریسی شەهیدان بە گوژمەی هەشت ملیار دینار، کە 80٪ـی تەواو کراوە.
 
لەبارەی ئەو پرۆژانەی کە ساڵی 2024 بەردی بناخەیان دانراوە و لەقۆناخی جێبەجێکردنن، سەلام بیلال گوتی، سێ پڕۆژەی دیکەیان هەن کە لەسەر بودجەی ئاسایی شارەوانین و ئێستا لە قۆناجی جێبەجێکردندان بە گوژمەی ملیارێک و 300 ملیۆن دینارە، وەکو؛ رێگەسازی گەڕەکی سەرا، گەڕەکی ئیمام عەلی و گەڕەکی بامۆک. گوتیشی، رێگەسازی گەڕەکی مامۆستایان بە گوژمەی 436 ملیۆن دینار داهاتی فرۆشتنی زەوی و نۆژەنکردنەوەی شەقامی گشتیی مامۆستای نەناسراو بە گوژمەی 91 ملیۆن دینار لە جێبەجێکردندان.
 
لەبارەی پلانیان بۆ ساڵی 2025، سەلام بیلال: "ئێستا چوار پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان هەن، کە بایی 4 ملیار و 700 ملیۆن دینارە و لە قۆناخی تەندرەدایە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حوسێن ئۆڵان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پارێزگای بەدلیس

حوسێن ئۆڵان: رەنگە 11ی ئایار ئەنجامی کۆنگرەی پەکەکە رابگەیێندرێت

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە راگەیاندنی ئەنجامی دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە دواکەوتووە، پێشبینی دەکات رۆژی یەکشەممە ئەنجامەکان ئاشکرا بکرێن. هاوکات داوا دەکات تاوەکو مانگی حوزەیران نزیکەی 4000 زیندانیی کورد ئازاد بکرێن و یاسای دژەتیرۆریش لە تورکیا هەمواربکرێتەوە