رووداو دیجیتاڵ
لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر خۆپێشاندان دژی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بەڕێوەچوو و خۆپێشاندەران جگە لە ئاڵای کوردستان، دروشمی جۆراوجۆریان بەرزکردەوە.
خۆپێشاندانەکە دوای چەند کاژێرێک لە مووشەکبارانی سوپای پاسداران بۆسەر هەولێر بوو، تێیدا سەدان کەس بەشدارییان کرد.
"هیچ پاساوێک بۆ هێرشەکانتان نییە و تەنیا خەڵکی سڤیلی ئێمە دەکەنە قوربانی،" ئەمە یەکێک لەو دروشمانە بوو کە خۆپێشاندەران لە هەولێر دژی ئێران بەرزیان کردەوە.
دروشمێکی دیکە بریتیبوو لە "پەیامی هەولێر ئاشتی و پێکەوەژیان، وەڵامی ئێوە ستەم و نەمان" و بەناوی خەڵکی شاری هەولێرەوە بەرزکرابووەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، کاژێر 23:30ی رۆژی دووشەممە 15-01-2024 سوپای پاسداران بە چەندین مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.