رووداو - برۆکسل
پەرلەمانی ئەوروپا لە یەکەم دانیشتنی فەرمیی ساڵی 2018 دا ستایشی خەباتی لەیلا زانا، پەرلەمانتاری کوردی لەکارلادراوی تورکیای کرد و بە خەباتگێڕی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ وەسفی کرد.
دوای تێپەڕبوونی پێنج رۆژ بەسەر لەکارلادانی لەیلا زانا وەک پەرلەمانتاری تورکیا، رۆژی سێشەممە 16-1-2018 ئەنتۆنیۆ تەیینی، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ستایشی هەموو ئەو هەوڵ و تێکۆشانەی لەیلا زانای کرد کە لەماوەی رابردوودا لەڕێگەی پارێزگاریکردن لە مافەکانی مرۆڤ بەدەستیهێناوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ستایشی هەموو ئەوانەشی کرد کە خاوەنی خەڵاتی ساخارۆڤی مافەکانی مرۆڤن و لەیلا زاناش یەکێکە لەو کەسایەتییانە. لە گەرمەی قسەکانیدا پەرلەمانتارانی ئەورووپا رۆڵی لەیلا زانایان چەپڵەڕێزان کرد.
هەفتەی رابردوو لە دانیشتنێکی ئاسایی پهرلهمانی توركیادا، راپۆرتی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتارێتی لە لەیلا زانا، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) تاوتوێكرا، بەھۆی "دەوامنەکردنی وەک پێویست لە پەرلەمان و بههۆی یاسایی نهبوونی سوێندخواردنهكهیهوه"، دهرهنجام به 302 دهنگ مافی پهرلهمانتاری لێسهندرایهوه، بهوهش لهماوهی 24 ساڵدا دووەمجارە مافی پهرلهمانتارێتی لە لهیلا زانا بسهندرێتەوە.
دوو رۆژ دواتر بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمی تورکیا بڵاوکرایەوە، لە بڕیارنامەکەدا ئاماژە بەوە درابوو کە لەیلا زانا لە 212 دانیشتنی پەرلەماندا، لەماوەی 1ی تشرینی یەکەمی 2016 تاوەکو 30ی نیسانی 2017 ئامادەنەبووە و بەوهۆیەوە مافی پەرلەمانتاری لێسەندراوەتەوە.
دەقی قسەکانی ئەنتۆنیۆ تەییانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا:
30 ساڵ دوای یەکەم خەڵاتی ساخارۆڤ، جیا لەوەی دەبێت لە خەیاڵماندا بێت، پێویستیشە ئاوڕێک لەوانە بدەینەوە کە خەڵاتەکەیان بەدەستهێناوە، ئەوانەی بوونە سیمبوڵی خەبات و تێکۆشان لەپێناو مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان. هەندێک لەوانە کەوتوونەتە دۆخێک تەنیا دەتوانین بە مەترسیدار وەسفی بکەین، پێویستە لەیادمان بێت لەیلا زانا کە لە ساڵی 1995 دا خەڵاتەکەی بردەوە، لە پۆستەکەی وەکو پەرلەمانتار لادراوە. وەکو سەرۆکی پەرلەمان دەمەوێت پشتگیری خۆم و تەواوی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ بەڕێز لەیلا زانا دەرببڕم، لە دیموکراسیدا قبوڵنەکراوە، کەسێک کە شەرعییەتی خەڵکی پێدراوە بەمشێوەیە لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە. دەمەوێت نیگەرانی خۆم دەربڕم سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە بەردەوام لە تورکیا ئەنجامدەدرێن، ئەمانە تەنیا کەسانی سیاسی ناکەنە ئامانج، بەڵکو لەسەر ئاستی کۆمەڵگە رۆژنامەنووس و کەسانی ئەکادیمی دەکەنە ئامانج، بۆ نموونە نورییەگولمەن، سەمیح ئۆزئاکچا، عوسمان کاڤالا، محەمەد ئاڵتان و شاهین ئالپای.
لەیلا زانا کێیە؟
لەیلا زانا، كە لەنێو بزووتنەوەی سیاسیی كورددا ژمارەیەكی سەربەخۆیە، ساڵی 1961 لە گوندێكی فارقین لەدایكبووە، خاوەنی برایەک و پێنج خوشکە. لە ماڵێكدا گەورەبووە باوكی جگە لە كوڕە تاقانەكەی هیچ حیسابێكی بۆ لەیلا و پێنج كچەكەی دیكەی نەکردووە. زانا، باوكی لەیلا كە كارمەندی ئاوەڕۆیە، چەندینجار دایكی لەیلای ئەشكەنجەداوە، تەنیا لەبەرئەوەی شەش كچی بەدوای یەكدا بوون، تەنانەت نەیهێشتووە كچەكانی بخوێنن.
لەیلا لە تەمەنی 14 ساڵیدا شوو بە سیاسەتمەداری كورد مەهدی زانا دەکات كە 21 ساڵ لەخۆی گەورەترە. ساڵی 1978 كاتێك مەهدی زانا بە سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئامەد هەڵدەبژێردرێت، لەیلا 17 ساڵان دەبێ و دایكی منداڵێك دەبێ. ئەو كاتەی مەهدی زانا لەدوای كودەتای 12ی ئەیلولی 1980 دەستگیردەكرێت، تەمەنی لەیلا 19 ساڵ بوو، هێشتا (روكەن)ی كچی لەسكدا بوو. مەهدی بە 35 ساڵ بەندكردن سزادرا و لەیلا زانا بەردەوام بەڕێی زیندانەوە بوو.
ساڵی 1988 بەهۆی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانێك لەبەردەم گرتووخانەی ئامەد دەستگیردەكرێت. لە زیندان هەموو جۆرە ئەشكەنجەیەك دەدرێت.
یەکەمجار چۆن چووە پەرلەمان؟
ساڵی 1991 لەسەر لیستی پارتی رەنجی گەل (هەپ) خۆی بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرێ و دەردەچێ. چەند رۆژێك بەر لە مەراسیمی سوێندخواردنی پەرلەمانی توركیا، ژنە رۆژنامەنووسی تورك نوریە ئاكمان، پرسیارێك لە لەیلا زانا دەكات: ئایا هەست بە توركبوونی خۆت دەكەی؟ زانا دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە نەخێر. دایكم یەك وشە توركی نازانێ، منیش لەپێش دەرگاكانی زیندان فێری توركی بووم. من تا دوا هەناسە كوردم، بەڵام گەلی توركیشم خۆشدەوێت".
رۆژی 1-11-1991 رۆژی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران بوو، لەگەڵ نزیكبوونەوەی لەیلا زانا بۆ سەر سەكۆی سوێندخواردن، بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران دەستیان بە هاتوهاوار كرد و بەدەست لە مێزەكانی بەردەمیان دەكوتا و دەیانگوت "بەو ئاڵایەوە نەچییە ئەوێ". مەبەستیان ئەو بەندە سوور، زەرد و سەوزە بوو كە لەسەری ئاڵاندبوو. بەڵام هاتوهاوار نەیتوانی ئەو ژنە 21 ساڵییە رابگرێ. لەیلا بە زمانی كوردی و توركی گوتی: "سوێند بە برایەتی گەلی كورد و گەلی تورك دەخۆم". ئەو چەند وشەیەش بەس بوون بۆ ئەوەی قیامەت هەڵبستێ و دواڕۆژێكی تاریكتر چاوەڕێی لەیلا بكات.
فاروق بیلدریجی كە چیرۆكی ژیانی لەیلا زانای كردووەتە پەرتووك، ئەو مەراسیمە وەكو خاڵێك بۆ داڕمانی ئەو ژنە سیاسەتڤانە وەسفدەكات. راستیشی كرد، چونكە پۆلیسی توركیا لە چواری ئاداری 1994 چووە نێو پەرلەمانی توركیا و هەریەك لە لەیلا زانا، خەتیب دیجلە، ئۆرهان دۆغان، سەلیم ساداكی دەستگیركرد. لە هەشتی تشرینی یەكەمی 1994 دادگای ئاسایشی توركیا بەبیانووی ئەوەی كە بە فەرمانی پەكەكە هەوڵی جیابوونەوەیان داوە، حوكمی 15 ساڵ بەندكردنی بۆ ئەو چوار پەرلەمانتارە دەرکرد.
لەیلا زانا 10 ساڵ لە زیندان مایەوە، پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆفی بە زانا بەخشی و پاشان بووە بەربژێری وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ.
لەیلا زانا، لە مەراسیمی سوێندخواردنی خولی 24ەمی پەرلەمانی توركیادا لە 30ی ئەیلولی 2011 جارێكی دیكە دەستەواژەی "میللەتی توركیای گەورە"ی بەكارهێنا، بەڵام جەمیل چیچەك كە ئەوكات سەرۆكی پەرلەمان بوو، ئەمجارە هیچ كاردانەوەیەكی نیشاننەدا.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ