رووداو دیجیتاڵ
سیستمی وزەی خۆر خەریکە دەشتی گوێڕ و مەخموور لە بەیارەوە دەکاتە دەشتێکی پاراوی بەراو. سەرەتا وەزارەتی کشتوکاڵ لە 45 وێستگەی وزەی خۆری بە تیروپشک بەسەر جووتیاراندا دابەش کرد، سوودە زۆرەکەی و تێچووە کەمەکەی وایکرد دەیان جووتیاری دیکە بە بە داهاتی خۆیان ئەو سیستمە دابنێن.
دەشتی گوێر و مەخموور هێڵی کارەبای نیشتمانی، بە رووبەرێکی کەمی گەیشتووە، بەشێکی کارەبای ناوچەکە پێشتر لەرێگەی موەلیدەوە دابین دەکرا و بەو هۆیەوە رووبەرێکی کەم دەچێندرا. سەردار سەدیق خاوەن 85 دۆنم زەویە، بە دانانی وزەی خۆر زەویەکەی بەراو کردووە و بە چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی جۆراوجۆر چاندوویەتی.
سەردار سدیق، دەڵێت، "تەزووی کارەبا لە زەوییەکانی ئێمە دوورە، نەمان دەتوانی سودی لێ ببینین، پێشتر زەویەکانمان بە دانەوێڵە دەچاند، ئەگەر باران هەبا بەرووبوومان دەبوو، بارانیش نەبوایە نەدەبوون، نزیکە ساڵێکە سیستمی وزەی خۆرم دانا و زۆر لێی رازین، کارەکانمان باش رای دەکات."
لە تایبەتمەندییەکانی پرۆژەی وزەی خۆر، پاک راگرتنی ژینگە، کەمکردنەوەی گوشار لە سەر هێڵەکانی کارەبای نیشتمانی و کاتێک کێڵگە کشتوکاڵییەکە پێویستی بە ئاودان بوو جووتیار دەتوانێت ئاودێری بکات.
لێزان خالید، بەڕێوەبەری توێژینەوەی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، "جگە لە هاوکاری، راهێنان و هاندانی جووتیاران دەکەین کە پشت بەو سیستمە ببەستن و هەم رووبەری کشتوکاڵ زۆرتر دەبێت هەروەها تێچوو لەسەر جووتیار کەمتر دەبێتەوە و ئاسانکاریێکی زۆر باشە بۆ جووتیاران بۆیە وەزارەت لە سەر پەرەپێدانی زیاتری بەردەوام دەبێت."
هەر وێستگەیێکی لەو شێوەیە 300 ئەمپێر تەزووی کارەبا بەرهەم دێنێت، بڕی تێچووی 20 هەزار دۆلارە، بە بەردەوامی چوار ئینج ئاو فڕێدەداتە سەر زەوی و رووبەری 50 دۆنم زەوی بەراو دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ