رووداو دیجیتاڵ
نووری عەباس باوکی یەکێک لە شەهیدەکانی دەستی داعشە و ئێستا لە کەرکووک کرێچییە، لە سەردەمی نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی شارەکە، وەک بنەماڵەی شەهید شوقەیەکیان پێدراوە، بەڵام دەڵێت، لە پاش 16ی ئۆکتۆبەر لێیان وەرگیراوەتەوە.
ئەو باس لەوە دەکات، مامەڵەی شەهیدانەی کردووە و شەش ساڵە بۆ وەرگرتنی خانوو یان پارچە زەوییەک سەردانی دەزگەی شەهیدانی عێراق دەکات، بەڵام بێ سوود بووە.
نووری عەباس باوکی شەهید سەعد دەڵێت، "حکومەتی عێراق هیچی پێ نەداوین، کاتی خۆی شوقەیەکیان پێداین و دواتر لێمان وەرگیرایەوە و بە کەسێکی دیکە درا، نزیکەی مانگێک تێیدا بووین و دەرکراین، من مامەڵەم پێشکەشی دەزگەی شەهیدان و پارێزگار کردووە کە شەهیدمان هەیە و سوودمەند نەبووین، بەڵام تا ئێستا هیچ مافێکمان پێنەدراوە".
وەزارەتی بەرگری عێراق بڕیاریداوە، ئەو 504 شوقەیەی لە کەرکووک بۆ خێزانە هەژار و کەمداهاتەکان دروستکرابوو، بەسەر بنەماڵەی کوژراوەکانی سوپا دابەشیان بکات، بەڵام کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکانی کەرکووک ناگرێتەوە.
لە دژی ئەم بڕیارە چەند ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق یاداشتیێکیان بۆ سەرۆکوەزیران بەرز کردووەتەوە.
سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "پێویستە ئەو بڕیارە شەهیدانی پێشمەرگەش بگرێتەوە، چونکە پێشمەرگە بەپێی دەستووری عێراق سەر بە مەنزومەی بەرگرییە و ئەو شەهیدانەی پێشمەرگەش داویەتی بۆ پاراستی خاکی عێراق بووە، بەتایبەتی لە میانی شەڕی دژ بە داعش کە زیاتر لە هەزار پێشمەرگە شەهید بوون، هەموویان بەرگرییان لە خاکی عێراق کردووە، بۆیە نابێت لە ماف و شایستەکان جیاوازی بکرێت لە نێوان شەهیدی سوپا و شەهیدی پێشمەرگە".
ئەو پرۆژەیەی شوقەکانی تێدایە ناوی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی سەیادەیە. شەڕی داعش و هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر وایان کرد پرۆژەکە بە خێزانە هەژار و کەمداهاتەکان نەگات و ئێستا بەشێک لە ئاوارەکانی حەویجە و ریاز تێیدا نیشتەجێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ