رووداو دیجیتاڵ
هەنار میوەیەکە کە بە درێژایی مێژوو تێکەڵ بە کولتوور و ئەدەبی ئێران بووە. لە زۆربەی شارەکانی ئێران لەکاتی گەیشتنی ئەو میوەیەدا، فیستیڤاڵ بەڕێوەدەچێت. یەکێک لەو فیستیڤاڵانە لە تارانە کە چەند رۆژێکە دەستی پێکردووە و تاوەکو 20ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ڤیدا، هاووڵاتی تاران دەڵێت "هەنار سیمبوولی ئێرانە. زۆرێک لە شارەکانی ئێران، هەناریان تێدا بەرهەمدەهێندرێت و تەنانەت شێواز و جۆری جیاوازی هەنار بەرهەم دەهێندرێن و هەناردەی وڵاتانیش دەکرێن؛ لە شەوی یەڵدا و لە کارە هونەرییەکاندا زۆرجار سیمبوولی هەنار بەکارهاتووە. لە نیگارکێشی و هونەرەکانی دیکەشدا هەنار دەبینرێت."
لەم فێستیڤاڵەدا هەموو ئەو بەرهەمانەی کە لە هەنارەوە وەردەگیرێن وەک ئاوی هەنار، روبە هەنار و تورشیاتی هەنار نمایشکراون.
سەرەڕای رەوشی نالەباری ئابووریی ئەم رۆژانە لە ئێران بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و نرخی کاڵا و شتومەک، بەڵام خەڵکێکی زۆر سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن.
مێهری، فرۆشیاری هەنار دەڵێت "لە خودا بەزیاد بێت، خەڵک پێشوازی گەرمیان کردووە. سەرەڕای ئەوەی ئێمە هێشتا بەتەواوەتی لە کۆرۆنا رزگارمان نەبووە و قوتابخانەکانیش کراوەن، بەڵام خەڵکی زۆر سەردانمان دەکەن."
ئێران لەڕووی بەرهەمهێنانی هەنارەوە لە دوای چین و هیندستان بە سێیەم گەورە بەرهەمهێنەری هەنار لە جیهاندا هەژماردەکرێت.
بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە، ئەمساڵ 1 ملیۆن و 100 هەزار تۆن هەنار لەو وڵاتە بەرهەم هێندراوە.