گالەری

15-11-2021
15 Photos
ئیحسان تاهیر
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی پۆرتوگال، هەلی گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەری بەشێوەی راستەوخۆ لەدەستدا، دوای ئەوەی لە یارییەکی یەکلاکەرەوەی کۆمەڵەی یەکەمی پاڵاوتنەکاندا 1-2 بە هەڵبژاردەی سێربیا دۆڕا، بۆیە ناچارە بەشداری لە یارییەکانی پاشکۆدا بکات، بەهیوای بەدەستهێنانی بلیتێکی مۆندیال.
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال هێشتا دەرفەتی گەیشتنە مۆندیالی لەپێشە و بەشداری لە یارییەکانی پاشکۆدا دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانانی بەرازیلی ئەوروپا بەم شکستە تووشی شۆک بوون، بەتایبەتیش کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەکە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای یارییەکە نیگەرانییەکی زۆری پێوەدیاربوو، زۆر بێتاقەت بوو، لەنێو یاریگەدا دانیشت و دوای هەموو یاریزانانی پۆرتوگال لە یاریگە چووە دەرەوە.
 
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، کە کەناڵی TNTـی بەرازیلی بڵاویکردووەتەوە، رۆناڵدۆ زۆر تووڕە بووە و رەخنە و گلەیی ئاراستەی فێرناندۆ سانتۆسی راهێنەری کردووە.
 
لەو ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت، کە دوای یارییەکە سانتۆس دەچێتە لای رۆناڵدۆ بۆ ئەوەی تەوقەی لەگەڵ بکات، بەڵام رۆناڵدۆ پەرچەکردارێکی تووڕەی دەبێت و بە جوڵەکانی دیارە کە رەخنە و گلەیی لە راهێنەرەکەی دەکات، بەڵام هێشتا نەزانراوە کە کریس چی بە سانتۆس گوتووە، کە ئەمەی دوایی هەرزوو دەڕوات.
 
لە دوای یارییەکە، سانتۆسی راهێنەری پۆرتوگال دانی بەوەدا نا کە خۆی هۆکاری ئەو شکستەیە و گوتی "هەوڵماندا کەسایەتی خۆمان لەنێو یاریگەدا نیشان بدەین، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو، من بەرپرسیار بووم".