شوێنەواری سۆران: 12 کەس بەتۆمەتی مامەڵەکردن بە پارچەی شوێنەوارییەوە دەستگیرکراون

15-07-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری شوێنەواری ئیدارەی سۆران رایدەگەیێنێت، لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا 12 کەس بەتۆمەتی مامەڵەکردن بە پارچەی شوێنەواری و هەڵکۆلێنی نایاسایی دەستگیرکراون. دەشڵیت، هێشتا نزیکەی 70٪ی سنووری ئیدارەی سۆران رووپێوی شوێنەواری بۆ نەکراوە.
 
عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران میوانی بەرنامەی مژاربوو لە رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات. باسی لەوەکرد یەکێک لەو بابەتانەی بەردەوام رووبەڕووی دەبنەوە، هەڵکەندن و هەڵدانەوەی ئەو شوێنانەیە کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت پارچەی شوێنەوارییان تێدا بێت.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری ئیدارەی سۆران، لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا 12 کەس دەستگیرکراون کە کاری هەڵکۆڵینی نایاسایی و مامەڵەیان بە پارچەی شوێنەواری کردووە، بەگوێرەی جۆری کەیسەکانیان سزا دەدرێین.
 
لەبارەی هاوئاهەنگییان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی سنوورەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "هاوئاهەنگییەکی زۆرباشمان لەگەڵ ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان هەیە".
 
عەبدولوەهاب سلێمان، لەبارەی دۆزینەوەی پارچەی شوێنەواری هۆشداری بە هاونیشتمانیان دەدات و دەڵیت: "بەگوێرەی یاسای شوێنەوار، ئەگەر کەسێک پارچەیەکی شوێنەواری بدۆزێتەوە، پێویستە لەماوەی 48 کاژێر لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکاتەوە، لەکاتی دۆزینەوەی هەر پارچەیەکی شوێنەواری، بەگوێرەی بەهای پارچەکە کەسەکە پاداشت دەکرێت و ئەگەر فەرمانبەریش بێت رێز و سوپاسی بۆ دەکرێت."
 
بەڕێوەبەری شوێنەواری ئیدارەی سۆران دەشڵیت: "ناوچەکەی ئێمە زۆر هەستیارە، بەهۆی ئەوەی هاوسنووری ئێران و تورکیاین و هەندێک شوێن هەن هێزی دیکەیان لێیە و لەو ناوچانە هەڵکۆڵین دەکرێت."
 
تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 200 ناوچە و شوێنی شوێنەواری لەسنووری ئیدارەی سۆران تۆمارکراون، عەبدولوەهاب سلێمان دەڵێت: "تاوەکو ساڵی 2006، تەنیا 51 شوێنی شوێنەواری تۆمارکرابوو، بەڵام ئێستا لە سنووری ئیدارەی سۆران، نزیکەی 1200 شوێن تۆمارکراوە، لەکاتێکدا نزیکەی 70٪ی سنووری ئیدارەی سۆران رووپێوی شوێنەواری بۆ نەکراوە."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ژمارەیە نزیکەی 58 شوێنیان لەلایەن زانکۆی ئۆتۆنۆمسی بارسێلۆنای ئیسپانی تۆمارکراون. "بۆ کاری کنە وپشکنین نزیکەی پێنج تیمی زانکۆکانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا هاوکارمانن."
 
بەڕێوەبەری شوێنەواری ئیدارەی سۆران گوتیشی: "لەو 1200 شوێنەوارەی تۆمارکراون، تەنیا دوو شوێنیان (ئەشکەوتی شانەدەر و ئەشکەوتی بەستوون لە برادۆست) گەشتیاران دەتوانن سەردانی بکەن وەکو شوێنێکی گەشتیاری مێژوویی و پێویستمان بەوەیە شوێنە شوێنەوارییەکان بکرێنە شوێنی گەشتیاری."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.