گەرمای بەغدا دهۆکی پڕکردووە لە گەشتیار

15-06-2024
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
هاوینەهەوارەکانی دهۆک پڕ بوون لە گەشتیار
هاوینەهەوارەکانی دهۆک پڕ بوون لە گەشتیار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بەغدای پایتەختی عێراق، زۆرجار پلەی گەرما 50 پلەی سیلیزی تێپەڕ دەکات، خەڵک دەڵێن بەهۆی گەرمای سەخت هێندە نەماوە بکوڵێن، ئەمەش بووەتە پاڵنەریان بۆ ئەوەی رووبکەنە هاوینەهەوارەکانی هەرێمی کوردستان.
 
نزیکەی 100 کۆمپانیا گەشتیاران لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە دەهێننە دهۆک، هەر کەسێک بۆ هەر هەفتەیەک مانەوە، دەبێت 215 هەزار دینار بدات.
 
دایکی یاسر، یەکێکە لە گەشتیارەکان کە روویکردووەتە دهۆک، دەڵێ "یەکەم شت بۆ گۆڕینی کەشە، دووەم ئارامییە. دەمانەوێت وەک دەڵێن لە گەرما رزگارمان ببێت."  
 
 گەشتیارێکی دیکە بەناوی ئیبراهیم ویاکس دەڵێ "هاتووین هەوایەک بگۆڕین. بەغدا زۆر گەرمە و ئێمەش بێزار بووین لە ماڵ و ئەملاوئەولا، پێویست بوو کەمێک کەشوهەوا بگۆڕین. دهۆکیش بۆ گۆڕینی زۆر خۆشە. "
 
130 هاوینەهەوار لە پارێزگای دهۆک هەن، لەگەڵ زیاتر لە 900 شوێنی گەشتیاری. 
 
گەشتیاران زیاتر لە هەشت کاژێر دەبڕن تاوەکو لە بەغداوە دەگەنە دهۆک، بەڵام وەک دەڵێن بە گەیشتنیان بە شوێنە گەشتیارییەکان، کەشوهەوا و دیمەنی جوان ماندوویێتییان لەبیر دەباتەوە.
 
بیرلا ھاشم، گەشتیارێکی دیکەی عێراقی لە دهۆک دەڵێ "دیمەنەکانی زۆر جوانن. زۆر دڵخۆشم بەو هاوینەهەوارە و هەڵسوکەوتی خەڵک لێرە. جلوبەرگی کوردیم زۆر پێ جوانە و لەبەریشم کرد. رۆژێکمان ماوە کە شوێنی زیاتر ببینین و کەشوهەوایەک بگۆڕین. زۆر خۆشە."
 
گەشتیارێکی دیکە بەناوی سوھام عەلی گوتی، "ئێمە لە بەغداوە هاتووینە دهۆک، لەبەرئەوەی لە گەرمای بەغدا رزگارمان بێت. دهۆک زۆر جوانە."
 
بۆ ئاسانکردنی کاروباری گەشتیاران، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری دهۆک هێڵێکی گەرمی داناوە کە گەشتیاران دەتوانن پەیوەندییان پێوە بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە