رووداو دیجیتاڵ
لە بڕگەیەکی سەیرانی بەکۆمەڵی گوندێکی زاخۆ، زیادکردن بۆ کارتۆنێک کرا بەبێ ئەوەی بە بەشداربووان بگوترێت چی لەنێودایە، هاونیشتمانییەکیش بە 1500 دۆلار کڕی، دوای ئەوەی زانیشی مەسینەیە، دەڵێ "پەشیمان نیم".
موشیر خەلیل، ئەو کەسەی مەسینەکەی کڕی قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی "لە یەکێک لە بڕگەکانی سەیرانەکەی 5-5-2023، لیژنەی سەرپەرشتیار پێشبڕکێیەکان رێکخستبوو و سندووقێکیان خستە مەزادەوە، سەرەتا من و سێ کەسی دیکە بەشداریمان کرد و دواتر ئەوانی دیکە کشانەوە".
مەسینەکە لەنێو کارتۆنێکدا بە نایلۆنێکی پەمەیی داپۆشراوە، موشیر دەڵێ "نەماندەزانی چی لەنێودایە، زیادکردنەکە بە 50 دۆلار دەستیپێکرد تاوەکو گەیشتە 1500 دۆلار. من، بە 1500 دۆلار چوومە زیادکردنەکەوە و دوای ئەوە کارتۆنەکە کرایەوە، دەرکەوت مەسینەیەکە".
هەرچەندە ئەو هاونیشتمانییە هیچ بیرۆکەیەکی نەبووە لەبارەی ئەوەی؛ ئەو مەسینەیەکی بە سەدان هێندەی نرخی خۆی کڕیوە، بەڵام جەخت دەکاتەوە لەوەی پەشیمان نییە چونکە وەک خۆی دەڵێ "بەشێکی پارەکە بۆ خێزانی شەهیدان تەرخانکرا و بەشێکی دیکە بۆ سەیرانی گوندەکە".
سەبارەت بە چارەنووسی مەسینەکەش موشیر دەڵێ "ئێستا لە ماڵی خۆمە لە زاخۆ و، وەکو یادگاریەک لە لای خۆم دەیپارێزم".
ئەم مەسینەیە لە سەیرانی گوندی شلینێی سەر بە قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ فرۆشراوە، کە یەکێکە لە گوندەکانی هۆزی گوللیەکان و ساڵانە لە وەرزی بەهاردا ئەندامانی هۆزەکە سەیرانی بەکۆمەڵ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ