رووداو دیجیتاڵ
موسڵمانان لە یەکەم هەینیی مانگی رەمەزانی ئەم ساڵ لە مزگەوتی حاجی عەبدوڵڵا جەوان لە هەولێر نوێژ و نزا دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 11ی ئادار یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بوو؛ یەکەم هەینیی ئەم ساڵی مانگی رەمەزانیش کەوتە رۆژی 15ـی ئادار.
هەرچەندە هیچ ئامارێکی تازەی سەرژمێریی ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان نییە، زۆرینەی رەهای دانیشتووانەکەی موسڵمانن و پابەندیی ئایینییان هەیە.
لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزانیش، هاونیشتمانییان بە گوڕ و تینی زیاترەوە بۆ پەرستش روو لە مزگەوتەکان دەکەن.
رۆژووگرتنی مانگی رەمەزان یەکێکە لە پێنج پایەی ئایینی ئیسلام؛ پایەکان بە ریزبەندی بریتین لە: شایەتوومان، نوێژ، زەکات، رۆژووی مانگی رەمەزان، و حەجکردن بۆ کەسێک لە توانایدا بێت.
تایبەتمەندییەکانی مانگی رەمەزان، خۆی لە رۆژووگرتن لە بانگی بەیانییەوە تاوەکو بانگی ئێوارە (مەغریب)، بەربانگ کردنەوە، تەراویح، بەرز راگرتنی شەوی قەدر و چەند پەرستشێکی دیکەدا دەبینێتەوە.