رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی پاریس دەکات و لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسادا کۆدەبێتەوە. بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دۆخی ئەمنی و ئابووری ناوچەکە، هەروەها پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆ دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە 15-2-2023، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی پاریس دەکات و رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسادا کۆدەبێتەوە.
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەکرد، کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییانەیە کە پێشتر هەبوون؛ گوتیشی: "فەرەنسا لە رووی هەڵوێست و پەیوەندییەکانەوە پێگەی خۆی لە هەرێمی کوردستان هەبووە و هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ فەرەنسا ئەو پێگەیەی خۆی هەیە."
فەرەنسا یەکێکە لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و لە هەرێمی کوردستان و عێراق سەرباز و راوێژکاری هەیە.
لەبارەی بەرنامەی کاری سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، سەفین دزەیی گوتی: "لەسەر دۆخی ناوچەکە گفتوگۆ دەکرێت؛ هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی و ئابووری دەکرێت؛ هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەگشتی و بەتایبەت فەرەنسا گفتوگۆ دەکرێت."
هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوانیان هەیە و دوو سەرۆکی دوایی فەرەنساش سەردانی هەولێریان کردووە.
لە ئەیلوولی 2014دا فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی ئەو کاتی فەرەنسا سەردانی هەولێری کرد و ئابی 2021یش ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ